گوتەبێژی بەرگری شارستانی: هەوڵی زۆرمان داوە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە زیانی ماددی کەم بێت

K24- هەولێر

گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند، لە سەدا 95ـی ئاگرەکەی ناوچەی پیشەسازی باکوورمان کۆنتڕۆڵکردووە، ئەوەی ماوە پاشکۆی ئاگرەکەیە.

کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە سەدا 95ـی ئاگرەکەی ناوچەی پیشەسازی باکوورمان کۆنتڕۆڵکردووە، ئەوەی ماوە پاشکۆی ئاگرەکەیە، گوتیشی: ئاگرەکە زۆر گەورە بووە.

گوتیشی: بەهۆی رووداوەکەوە زیانێکی زۆری ماددی کەوتووەتەوە، لەبەرئەوەی ئەو کۆگایە تایبەتە بە کەرەستەی بیناسازی، دەشڵێت، بەپێی زانستی بەرگری شارستانی ئێمە چوار قەبارەمان هەیە، ئاگری نزممان هەیە لە سانتیمەترێک بۆ 50 سانتیمەتر، ئاگری مامناوەندمان هەیە لە 50 ەوە بۆ 90 سانتیمەتر، ئاگری بەرزمان هەیە لە 90ەوە بۆ 150 سانتیمەتر، هەروەها ئاگری لوتکەیی لە 150 بۆ سێ مەترو زیاتریش بەستوونی بەرز دەبێتەوە.

میراودەلی راشیگەیاند، ئێمە بەتەکنیکی کارکردنمان کاتێک کە جێگایەک دەستووتێت، ئەبێت دابڕین بکەین تاوەکو تەنیشتەکانی نەستووتێت، بۆیە هەوڵی زۆرمان داوە ئەوکۆگایەی سووتاوە دراوسێکانی نەسووتێت، هەروەها هەندێک کەلوپەل و پارەی ئەو هاووڵاتییەمان رزگار کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئێمە گرنگترین شت ئەوەیە زیانی گیانی نەبێت، هەرچەندە زیانی ماددی زۆر هەبووە، بۆیە بەپێ زانیاریم خۆم ئەو شوێنەی سەرچاوەی ئاگرەکە بووە رەنگە ئاگرکوژێنەوە تۆماتیکەکە دوور بووبێت یان لێی نەبووبێت یان کاری نەکردێت.