نایف شەمەری: یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆکی نوێی پەرلەمان هێندە ئاسان نییە

نایف شەمەری ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق
نایف شەمەری ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

نایف شەمەری پەرلەمانتاری سوننە و ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، راستە سێ کوتلەی هێزە سوننەکان، رێککەوتوون لە سەر کاندیدکردنی سالم عیساوی بۆ پۆستی سەرۆکی نوێی پەرلەمان، بەڵام ئەو کاندیدە نوێنەرایەتی تەواوی سوننەکان ناکات.

شەمەری گوتیشی:  محەمەد حەلبووسی سەرۆکی حزبی تەقەدوم هەڵوێستی خۆیی لەبارەی پشتیوانی عیساوی دەرنەبڕیوە، چونکە ئێستاش پشتیوانی لە شەعلان  کرەیم دەکات، بۆیە پێناچێت ئەم هەنگاوەی سێ کوتلە سوننەکە ئەنجامێکی ئەوتۆی هەبێت بۆ یەکلایی کردنەوەی کاندیدی سەرۆکی نوێی پەرلەمان.

نایف شەمەری ئاماژەیدا، هەرچەندە هەر سێ کوتلەی هاوپەیمانی عەزم، حزبی سیادە و هاوپەیمانی حەسمی وەتەنی داواکارییەکەیان بە فەرمی پێشکەش نەکردووە، بۆ ئەوەی وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دیاری بکرێت، هەربۆیە ئەگەر لەم هەفتەیە پێشکەشی بکەن، ئەوا کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو.

لە نووسراوێکی هاوبەشەکەدا، سەرۆکی کوتلەی هەر سێ لایەنی سوننە، هاوپەیمانی عەزم و حزبی سیادە و هاوپەیمانی حەسمی وەتەنی، کە واژۆیان لەسەری کردووە و ئاماژەیانداوە، "ئێمە پەرلەمانتار سالم مەتەڕ عیساوی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کاندید دەکەین، بەو پێیەی تایبەتمەندییەکانی ئیدارەدانی ئەو پۆستەی هەیە".

نووسراوەکەیان ئاراستە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە، داواشیان کردووە پەلە بکرێت لە دیاریکردنی وادەی کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق.

لە گەڕی یەکەمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق، کە (13ی کانوونی دووەمی 2024) بەڕێوەچوو، تیایدا 314 پەرلەمانتار دەنگیاندا، شەعلان کرەیم کاندیدی حزبی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەلبووسی، بە 152 دەنگ زۆرترین دەنگ و سالم عيساوی له هاوپه‌یمانی‌ سیاده‌ 97 ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام به‌هۆی دروستبوونی كێشه‌‌ نه‌توانرا گه‌ڕی دووه‌می ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێ درێژەی پێبدرێت هەربۆیە پرۆسەکە دواخرا، هەروەها رۆژی دواتر (14ی کانوونی دووەمی 2024) بەهۆکاری تۆمارکردنی داوایەکی یاسایی لە دادگای فیدراڵی لەلایەن دوو پەرلەمانتاری شیعە مەزهەب، گوایە بەرتیل بە پەرلەمانتاران دراوە بۆ کۆکردنەوەیە دەنگی پێویست بۆ دەرچواندنی کاندیدی سەرۆکی نوێی پەرلەکان، دادگا بڕیارێکی لایەنگیری دەکرد و بڕیاریدا کۆبوونەوەکانی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ دوابخرێت.