پێشانگایەکی هونەریی بە بەشداری شێوەکارێکی کورد لە دوبەی کرایەوە

پێشانگەی شێوەکاری"شەوی هونەر" لە دوبەی
پێشانگەی شێوەکاری"شەوی هونەر" لە دوبەی

K24 – دوبەی:

پێشانگایەکی هونەریی لەژێر ناونیشانی "شەوی هونەر" بە بەشداری ژمارەیەک لە هونەرمەندی شێوەکاری وڵاتە جیاوازەکانی جیهان، لە شاری دوبەی بەڕێوەچوو.

بەشێک لە هونەرمەندانی بەشداربوو لە پێشانگای "شەوی هونەر" لە دوبەی، باسی مانای وێنە و چۆنیەتی دروستکردنیان بۆ کوردستان24 کرد، هاوکات سوپاسی ئەو کەناڵەیان کرد کە لەو پێشانگەیە ئامادەبوو بۆ رووماڵکردنی کار و چالاکییە هونەرییەکانیان.

نیشتمان، شێوەکاری کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتبوو بۆ بەشداری لەو پێشانگایە و گوتی: ئەو تابلۆیەی من کە ئامادەم کردووە کارێکی جیاوازی خۆمە و بە دار دروستم کردووە، تابلۆکەی من خانووەکانی گوندی ماسوولەی ئێرانم کێشاوە کە رێک بەو شێوازەیە و خانووەکان لەسەر یەکدین.

شێوەکارێکی تورک بە ناوی بیلون کەرەدوما، کە بەشداری لە پێشانگاکە کردبوو بە کوردستان24ـی راگەیاند، من لە تورکیاوە هاتووم و بەشداریم لەو پێشانگایەی وێنەکێشان لە دوبەی کردووە، ئەمە دووەمین جارە من بەشداری دەکەم، ئەم وێنەیەی دەبینن ئێستا چاوێکەی مرۆڤە دروستم کردووە، مانای کارەکەش ئەوەیە، رۆژێک دێت چاومان لەگەڵ جەستەمان شیدەبێتەوە و تێکەڵ بە خاک دەبێت، بەڵام رۆحمان هەمیشە بە خۆشەویستییەوە دەمێنێتەوە، من شانازی دەکەم کە توانیومە لەو پێشانگایە بەشداربم.

بەشداربوویەکی دیکەی پێشانگاکە کە لە سووریاوە هاتبوو، بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەدا، من زۆر سوپاسی کەناڵی کوردستان24 دەکەم بۆ ئەو رووماڵە بەردەوامانەی چالاکییە هونەریی و رۆشنبیرییەکان لە دوبەی و ئیماراتیش بە گشتی. هاوکات گوتی: بەشداریکردن لەم پێشانگایە دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ ناسین و ئاشنابوون لەگەڵ هونەرمەندانی جیهانی.

تەمارا خدر، شێوەکاری لوبنانی دەڵێت: من هونەرمەندێکم لە لوبنانەوە هاتووم ئێجگار دڵخۆشم بە بەشداریکردن لەو پێشانگا هونەرییە، تابلۆیەکەم هێزی ئافرەت لە کۆمەڵگە نیشان دەدات، ئەو بیرۆکەیەش لەوە بۆم هات کە رۆژی جیهانی ئافرەتان بوو.

لەلایەن خۆیەوە ئانا چێیە، هونەرمەندی شێوەکاری ئۆکرانی، بو کوردستان24ی گوت: من خەڵکی ئۆکرانیام و هونەرمەندی نێودەوڵەتیم، کارەکەی من وێنەی هونەریی فیزیکییە، بۆیە بەڕاستی دڵخۆشم کە قسەکانم لەو کەناڵەی ئێوە بڵاودەکەمەوە، ئەم پێشانگایە دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ ناسینی هونەرمەندانی جیهانی لە بواری نیگارکێشاندا.

-
ی
-