پەیامنێری کوردستان24: سبەی وەزیری دارایی عێراق واژۆ لەسەر ناردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات

مووچە
مووچە

K24 - بەغدا:

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، سبەی وەزیری دارایی عێراق واژۆ لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات.

شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، وردبینیکردن لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق کۆتایی هاتووە.

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، وابڕیارە سبەی وەزیری دارایی فیدراڵی واژۆ لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات.

بە گوێرەی زانیارییەکان، لەکاتی وردبینکردن بۆ لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کەمترین کێشە هەبووە، بۆیە بڕیارە سبەی واژۆ بکرێت و بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

شڤان جەباری، دەڵیت: بۆ ئەم مانگەش پارەی مووچە بە شێوازی کاش بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، بەڵام بۆ مانگاکنی داهاتوو بە لە رێگەی هەژماری بناکی کارتەوە دابەش دەکرێت.

رۆژی چوارشەممە (6ـی ئاداری 2024)، محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لیستی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا". 

بە گوتەی محەممەد عەبدولقادر، هۆکاری دواکەوتنی ناردنی لیستەکە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، "داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و هەندێک ئاستەنگی هونەری بوون".

بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی ئاماژەی بەوەش کرد، "پێویستە مانگانە بەبێ دواکەوتن شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە رەوانەبکرێن".

حکومەتی هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار. 

رۆژی دووشەممە، (26ـی شوباتی 2024)، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. وەزیری دارایی رایگەیاند، بۆ مانگی (شوبات – دوو) مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو لیستە دەنێرن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەینێرێت، بەڵام بۆ مانگەکانی داهاتوو پێویستە هەژماری بانکی لە ماوەی مانگێکدا بۆ هەموو فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێمی کوردستان دروستبکرێت.