شارەزایانی دەرمانساز: بەشێکی زۆری ئەو دەرمانانەی لە عێراق بەکاردەهێنرێن ساختەن

شوێن پەنجە | دەرمانی قاچاخ
شوێن پەنجە | دەرمانی قاچاخ

K24 - هەولێر

ئاسایشی دەرمان، دۆسیەیەکی نیمچە لەدەستچووە، یەکێکە لەو دۆسییە هەڵپەسێردراوانەی ماوەی چەندین ساڵە حکومەتە یەک بەدوای یەکەکانی عێراق نەیانتوانیووە چارەسەری بکەن. شارەزایانیش بڕوایانوایە، بەشێکی زۆر لەو دەرمانانەی لە عێراق بەکاردەهێنرێن ساختەن و تایبەتمەندییە نێوەدوڵەتییەکانیان تێدا نییە.

زۆرجار تەنانەت چارەسەریش لە عێراقدا دەبێتە مایەی مردن و کارەسات بۆ گیانی هاووڵاتییان، بە تایبەتی لە بواری ئاسایشی دەرمان، ئەو بوارەی هێشتا بە تەواویی کۆنتڕۆڵنەکراوە و زۆرێک لە دەرمانەکان لەگەڵ تایبەتمەندییە نێودەوڵەتییەکان ناگونجێن، ئەمانە و چەندین پرسی دیکە لە کۆنفڕانسی دەستپێشخەریی نیشتمانیی کۆمەڵایەتیی تاوتوێکران.

دکتۆر نەهلە نەجار پزیشکی دەرمانساز دەڵێ:

"دەرمانی ساختە، کۆپی، ماوەبەسەرچوو و دووبارە پڕکراوە، کاریگەریی گەورەی لەسەر ئاسایشی دەرمان هەیە. پێویستە رێگریی لە هاتنی ئەو دەرمانە ساختە و کۆپیانە بکرێت چونکە رێژە و ژەمی ئەو دەرمانانە بە گوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان نییە.".

داوا دەکرێت سەرچاوەی ئەم دەرمانە ساختانە و پابەندنەبوون بە پێوەرە نێوەدوڵەتییەکان، هاوشێوەی هەموو پرسە نەرێنییەکانی عێراق پێویستی بە لایەنی جێبەجێکار هەیە، وەک بەشداربووانی کۆنفڕانسەکەش دەڵێن، پێویستە سیاسەتێکی گشتگیر تەواوی بوارەکە بگرێتەوە.

سەلام زوبێدی گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسر دەڵێ:

"بەداخەوە هەندێک لایەن ئەم جۆرە دەرمانانە دەپارێزن، هەندێک لایەنی جێبەجێکار و بڕیار بەدەست لە پشت ئەم شتەن، لە کاتێکدا پاراستنی ئەم کۆمپانیا گەندەڵانە لێدانە لە دامەزراوەکانی دەوڵەت".

دۆسیەی دەرمان یەکێکە لەو دۆسیانەی حکومەتە یەک بە دوای یەکەکانی عێراق لە کۆنتڕۆڵکردنی شکستیان هێناوە، وەک شارەزایانیش دەڵێن؛ هۆکارەکەی ئەو لایەنە جێبەجێکارانەن دەستیان بەسەر دۆسیەکەدا گرتووە.