بەهۆی خواردنی گۆشتی کیسەڵەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 70 کەسیش گەیەندراونەتە نەخۆشخانە

K24 - هەولێر

دەسەڵاتدارانی تەنزانیا رایانگەیاند، هەشت کەس کە منداڵ و کەسانی پێگەیشتووی تێدایە، بەهۆی خواردنی گۆشتی کیسەڵە دەریاییەکان لە دورگەی پێمبا گیانیان لەدەستداوە و 78 کەسی دیکەش گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

گۆشتی کیسەڵە دەریاییەکان لای دانیشتوانی ئەو دوورگانە بە خواردنێکی خۆش دادەنرێت، هەرچەندە جارجارە دەبێتە هۆی مردن بەهۆی جۆرێک لە ژەهراویبوونی خۆراکەکە.

حاجی بەکاری، بەرپرسی پزیشکی ناوچەکە، رایگەیاند، کەسێک گیانی لەدەستداوە، کە دایکی یەکێک لەو منداڵانەیە کە سەرەتای ئەو هەفتەیە گیانی لەدەستداوە، ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی سێشەممە گۆشتی کیسەڵیان خواردووە.

بە گوتەی بەکاری، پشکنینی تاقیگەیی پشتڕاستی کردووەتەوە کە سەرجەم قوربانییەکان گۆشتی کیسەڵە دەریاییەکانیان خواردووە.

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2021 لە شاری پێمبا حەفت کەس بەهۆی خواردنی گۆشتی کیسەڵەوە گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.