ئاژانسی بلومبێرگ: سێ ملیۆن کۆمپانیا لە ئەڵمانیا لە لێواری مایەپوچ بوونن

K24 - هەولێر

ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا هەندێک هاوکارییان بۆ بازرگانی نیشتمانی هەڵوەشاندووەتەوە، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی داڕمانی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا خێزانییەکان کە بڕبڕەی پشتی ئابووری ئەڵمانیا پێکدەهێنن.

خاوەن کۆمپانیایەکی ئەڵمانی کە لە بواری فێنککەرەوە کاردەکات، بە ئاژانسی بلومبێرگی راگەیاند، "دۆخەکە هێندە گرژە، ئەگەر هەر ئۆفەرێک لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بێت بۆ کڕینی بەرهەمەکان رەتی ناکەمەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، چەند دوکانێکی گۆشتفرۆشی کە ئەو کاری لەگەڵدا کردوون، لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، پەشیمان بوونەوە لە کڕینی ئەو کەلوپەلانەی کە بەنیازبوون لە کۆمپانیاکەی ئەو بکڕن، ئەمەش بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی پاڵپشتی حکومەت.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەو بڕیارە کردووە کە ساڵی رابردوو لەلایەن دادگای دەستووری ئەڵمانیاوە دراوە، کە هاوپەیمانی دەسەڵاتداری پابەند کردووە بە ڕاگرتنی زیادەڕۆیی لە پارەدارکردنی دەرەوەی بودجە.

کێشەیەکی تر کە رێگری لە کارکردنی بزنسە بچووک و خێزانییەکان دەکات، بیرۆکراتییە، کە بە بڕوای خاوەنکارەکان، کارەکانی رۆژانە ئاڵۆزدەکات، هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی وزەش کار قورستر دەکات.

ئاژانسەکە دەشڵێت: هەموو ئەم هۆکارانە لەگەڵ دەرئەنجامەکانی پەتای کۆڤید-19 کەڵەکە دەبن، کە هێشتا بازرگانی خێزانی بە تەواوی نەکەوتووەتەوە سەرپێ، ئەمەش وا لە ئەڵمانییەکان دەکات کۆمپانیاکانیان بفرۆشن، کە پێشتر فرۆشتنی کۆمپانیاکان زۆر دەگمەن بوو.

بەگوێرەی ئاژانسەکە، ئەم رەوتە نوێیەی ئابووری ئەڵمانیا رەنگە ببێتە هۆی داڕمانی نزیکەی سێ ملیۆن بزنسی خێزانی لەو وڵاتەدا.

یەکێک لە نموونە هەرە دیارەکانی ئەمەش کۆمپانیای ڤیسمانە کە هیت پەمپ بەرهەم دەهێنێت، خاوەنەکەی ناچار بوو بیفرۆشێت بە کۆمپانیای ئەمەریکی "کاریەر گلۆباڵ کروپ"، بە بڕی 13.1 ملیار دۆلار.

پێشتر ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا جەختی لەوە کردەوە، دەرئەنجامەکانی شەڕی چەکداری لە ئۆکرانیا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئەڵمانیا هەبووە، چونکە "ئامادەکارییەکی باشی نەکردووە".