کوێستان محەمەد: لیژنەیەکمان بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری پێکهێناوە

وەزیری کار: دەبێت بەرنامەکانی خوێندن وەڵامدەرەوەی بازاڕبێت
کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی

K24 - هەولێر

وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەشداری هەر یەک لە رێکخراوی UNDP سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و USAID وۆرکشۆپی هەڵسەنگاندنی بازاڕی کار لە هەولێر بەڕێوەدەبات، بە مەبەستی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ئامانج لێی توێژینەوەو هەڵسەنگاندنی پێویستییەکانی بازاڕو گونجاندنێتی لەگەڵ رەوشی هەنووکەیی هەرێمی کوردستان.

لە وتاری دەستپێکردنی وۆرکشۆپەکە، کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیژنەیەکی باڵا لە نێوان وەزارەتەکاندا پێکهاتووە بۆ دەستنیشانکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی کار و کەمکردنەوەی بێکاری.

راشیگەیاند، پێویستە هەرسێ وەزارەتی پەروەردە،خوێندنی باڵا و کار پێکەوە هەماهەنگی بکەن تا بەرنامەی خوێندن بەجۆرێک بێت وەڵامدارەوەی بازاڕی کاربێت.

هەر لە بارەی ئەجێندای وۆرکشۆپەکەوە، مەریوان بەگۆک بەڕێوەبەری گشتی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، ئەم وۆرکشۆپە بۆ بەرچاو روونییە بۆ دیاریکردنی پێویستییەکانی بازاڕی کارە، لیژنەی باڵای وەزارەتەکان دوای چەندین کۆبوونەوە و چەند راپۆرتێک گەڵاڵە بکرێن لەلایەن وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پلاندانان  و وەزارەتەکانی دیکەی ئەندام لە لیژنەکە خرانەڕوو.

گوتشی: گەیشتینە ئەو ئەنجامەی زانیارییەکانی تایبەت بە بازاڕی کار کۆبکرێنەوە و لە رووی پێشەییەوە جۆرەکانی دەستی کار دیاری بکرێن، ئەمەش لە سەر بنەمای رووپێوی بازاڕی کارکرد بێت.

بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی، خاڵێکی دیکە کۆکردنەوەی زانیاریی بوو لە سەر داواکاریی کۆمپانیاکان بوو لە سەر دەستی کار، چونکە تاوەکوو ئێستا پێویستییەکانی کەرتی تایبەت لە بازاڕی کار نەزانراوە، بۆیە گرنگە کەرتی تایبەت زانیارییەکانیان پێشکەش بکەن.

هەروەها رایگەیاند، بەشێکی دیکەی وۆرکشۆپەکە پەیوەستە بە دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان سەنتەرەکانی پیشەیی لە وەزارەتەکانی کار، خوێندن باڵا و پەروەردە، لەکایەکی دیکەش دروستکردنی پەیوەندییە لەگەڵ سەندیکاکانی کرێکاران و بەڵێندەران بە شێوازێک سەنتەرەکانی پیشەیی بازاڕی کار پڕ بکاتەوە.

هەروەها ئامانجێکی دیکەی وۆرکشۆپەکە گرتنەبەری میکانیزمێکی نوێیە بۆ وەرگرتنی زانیاریی نوێ لە ژووری بازرگانیی و پشەسازی.

وۆرکشۆکە هەوڵەکانی چڕ دەکاتەوە لە سەر پشت بەستن بە کرێکارانی ناوخۆیی و دۆزینەوەی هەلی کاری زیاتر بۆ کرێکاران بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری 172ی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران.