خراپی دۆخی ئابووری و هاوسەرگیریی منداڵان؛ حاڵەتەکانی جیابوونەوەی لە عێراق زیادکردووە

حاڵەتەکانی جیابوونەوەی لە عێراق زیادکردووە
حاڵەتەکانی جیابوونەوەی لە عێراق زیادکردووە

K24 - هەولێر

ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق بەرزبوونەوەیەکی مەترسیدار لە رێژەی جیابوونەوە تۆمار دەکات، شارەزایانیش دەڵێن، هۆکاریی سەرەکی زۆربوونی حاڵەتەکانی جیابوونەوە بۆ خراپی دۆخی ئابووری و رێگەدان بە هاوسەرگیریی منداڵانان دەگەڕێتەوە.

زیاتر لە حەوت هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە مانگێکدا لە عێراق؛ ژمارەیەکی مەترسیدارە. ئەو ژمارە بەرزانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی تۆمارییان دەکات؛ هەزاران نیشانەی پرسیار دێننە پێشەوە. شارەزایانیش دەڵێن، تاوەکو یاسایەک بۆ رێگریکردن لە هاوسەرگیری منداڵان دانەنرێت و هاوسەرگیرییەکان لەنێو دادگاکان ئەنجام نەدرێن، هیچ چارەسەرێک ئەم دیاردەیە بنبڕ ناکات. 

ئیسرا سەلمان، چالاکوان دەڵێت، "کێشەی ئێمە ئەوەیە كچان و کوڕانی تەمەن 15 ساڵ کە هێشتا منداڵن، هاوسەرگیریی دەکەن. بۆیە کاتێک منداڵێک دەخەیتە نێو ژیانی هاوسەرگیریی و پێی دەڵێی خێزان بەڕێوە ببە و بەرپرسیارییەتی هەڵگرە، ئەوا کێشەکان هێندەی دیکە گەورەتر دەبن. ئەو کاتەی توانیمان کۆتایی بە هاوسەرگیریی و جیابوونەوەی دەرەوەی دادگاکان بهێنین ئەوا کێشەکانیشمان کۆتایی دێن".

یاساناسان قسەیەکی دیکەیان هەیە و هۆکاریی سەرەکی زۆربوونی حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە عێراقدا بۆ خراپی دۆخی ئابووری دەگەڕێننەوە.

سەحەر هاشمی، پارێزەر باس لەوە دەکات، "هۆکاریی سەرەکیی زۆربەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە خراپی دۆخی ئابوورییە، بەداخەوە ئەگەر بێت و چارەسەرێک نەدۆزینەوە، چەند ساڵێكی دیکە ئەم دیاردەیە شیرازەی کۆمەڵگا تێکدەدات و دەبێتە هۆی پەرتەوازەبوونی خێزانەکان، دواجاریش کۆمەڵگا بەرەو داڕمان دەچێت".

بە گوێرەی شارەزایان، بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوە لە نێو کۆمەڵگەی عێراقیدا، بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری دەگەڕێتەوە و هۆشداریش لە پەرەسەندنی ئەو دیاردەیە دەدەن.