منداڵانی غەززە لە کەمپەکانی رەفەح لە خوێندن بەردەوامن

منداڵانی غەززە لە کەمپەکانی رەفەح لە خوێندن بەردەوامن
منداڵانی غەززە لە کەمپەکانی رەفەح لە خوێندن بەردەوامن

K24 - هەولێر

لە کەمپی ئاوارەکان لە رەفەح، منداڵانی غەززە لە نێو کەمپەکەدا بەردەوامن لە پڕۆسەی خوێندن و فێربوون. هەرچەندە پێداویستی خوێندن بۆ هەموو منداڵ و قوتابییەکان وەک پێویست بەردەست نییە، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی مامۆستاکە و قوتابیان ساردبنەوە لە خوێندن.

شەڕی زیاتر لە 70 ساڵەی ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان زیاتر شەڕی ئایدیۆلۆجیا و باوەڕە وەک لەوەی شەڕێکی سەربازی بێت.

سەرەڕای بۆردوومانی بەردەوام، کە رەنگە لە هەر ئان و ساتێکدا، ببنە قوربانی و بکوژرێن، بەڵام منداڵانی غەززە لە نێو خێوەتی ئاوارەییشدا لە خوێندن و فێربوونی وانەی یەکگرتوویی نیشتیمان بەردەوامن.

هەلا ئەبو حەسەن، قوتابییە و دەڵێت، "هاتووین بۆ ئەوەی فێربین و ئەوەی پێشتر خوێندوومانە لەبیری نەکەین. ئامانجمان زیندووکردنەوەی ستانداردەکانی پێشووی خوێندنە. پەنا بەخوا سەرکەوتوو دەبین".

قوتابییەکان بە جۆش و خرۆشەوە گوێ بۆ مامۆستاکەیان دەگرن و ئەوەی دەیڵێت لە دوای دووبارە دەکەنەوە. تەنانەت سەرەتاییترین پێداویستییەکانی خوێندنیش لێرە بەردەست نین، بەڵام ئەمە نەبووەتە رێگر لەبەردەم پڕۆسەی فێربوون بۆ فەڵەستینییەکان.

محمد خوداری، مامۆستایە و باس لەوە دەکات، "بەردەوامی بۆردومانەکان چەندین کێشەمان بۆ درووست دەکەن. ژمارەیەکی زۆر لەو منداڵانەی ئاوارەی کەمپەکان دەبن، حەزدەکەن بەردەوامی بە خوێندنەکەیان بدەن. کێشەی کەمی پێداویستییە سەرەتاییەکانمان هەیە، وەک تیانووس و پێنووس. جیالەوەش، بەهۆی شەڕەکەوە، ترس و تۆقینێکی لەڕادەبەدەر لە نێو قوتابییەکاندا بڵاوبووەتەوە."

بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، تا ئێستا 392 قوتابخانە و ناوەندنی فێرکردن وێرانکراون یاخود زیانیان بەرکەوتووە.