حکومەتی فیدراڵی جددی نییە لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان
کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

نزیکەی ساڵێکە حکومەتی فیدراڵی لە رێگەی سکاڵایەکەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرتووە. بەرپرسانی بەغدا لێدوانی دژبەیەک سەبارەت بە پرسەکە دەکەن و یاری بەکات دەکەن، ئەمەش وا لێکدەدرێتەوە حکومەتی فیدراڵی جددی نییە لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

وا بۆ ساڵێک دەچێت هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە راگیراوە، بەغدا لە رێگەی سکاڵایەکەوە گەورەترین سەرچاوەی داهاتی هەرێمی کوردستانی داخستووە، بەبێ ئەوەی هیچ پلانێکی جێگرەوەی هەبێت.

بەرپرسانی عێراق لێدوانی دژبەیەک سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەدەن، دەمێک دەڵێن گفتوگۆکان باشن و نزیکن لەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، دەمێک هەرێمی کوردستان تۆمەتباردەکەن بەوەی رێگری لە پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەکات، هەموو ئەمانەش وا لێکدەدرێنەوە پاساوی حکومەتی فیدراڵی بۆ هێشتنەوە دۆخەکە وەک خۆی و ناچارکردنی هەرێمە تا بۆ بودجە و مووچە هەمیشە چاوی لە بەغدا بێت.

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ناسراو بە "ئەپیکور" بە بڕی نزیکەی 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە نەوتی هەرێمدا کردووە و یەکێکن لە زیانمەندە سەرەکییەکانی راگرتنی هەناردەکردنەوەی. لە چەندین بۆنەی جیاوازدا جەختییان لەوە کردووتەوە، بەهۆی راگرتنی نەوتی هەرێمەوە، عێراق مانگانە یەک ملیار دۆلار زیانی پێدەگات، ئەوان هەرێمی کرودستان بە خەتابار نازانن بەڵکو پێیانوایە بەغدا رێگری لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکات، دوای بێ ئومێدبوونیان لە خەمساردییەکانی حکومەتی فیدراڵ، پەنایان بۆ کۆنگرێس و بەرپرسانی ئەمریکا بردووە بۆ گوشارکردن لە حکومەتەکەی سوودانی.

هاوکات مایلز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور دەڵێت، بەغدا لە رێگەی بودجە و راگرتنی نەوتەوە دەستی خستووەتە قوڕگی هەرێمی کوردستان.

ئێستا هەرسێ لایەنی هەرێمی کوردستان، تورکیا و کۆمپانیاکان ئامادەییان بۆ دەستکردنەوە بە هەناردەی نەوت دەربڕیوە، بەڵام بەغدا کرێی دەرهێنانی بەرمیلی نەوت و هەناردەکردنی کردووە بە کێشە و دۆسیەکەی بە هەڵپەسێردراوی هێشتووەتەوە، ئەمەش وادەکات پرسەکە زیاتر وەک سیاسی دەربکەوێت وەک لە تەکنیکی.