کتێب و دەستنووسە کۆنە کوردییەکان لە ناوچوون دەپارێزرێن

کتێبی کۆن
کتێبی کۆن

K24 - هەولێر

گەنجێکی تەمەن 23 ساڵە بەناوی رێبین پشتیوان لە کاتی وەستانی پاسەکەیدا لە شاری دهۆک گوتی: "ئامانجمان پاراستنی کتێبە کۆن و دەگمەنەکانە لە لەناوچوون".

ئەو گەنجە لەکاتی کۆپیکردنی بیرەوەرییەکانی پرۆفیسۆرێکی کورد کە لە ساڵی 1960دا بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، "پاراستنی مێژوو و کولتووری کوردستان کارێکی پیرۆزە".

هەفتانە جارێک پشتیوان لەگەڵ دوو هاوکارەکەیدا، بە پاسێکی بچووکی سپییەوە، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانەوە بۆ شار و گوندەکانی کوردستان دەڕوات.

ئەو تیمە هیوادارن کتێبی "کۆن و دەگمەن" بدۆزنەوە کە زانیاری لەسەر کورد و مێژووەکەی لەخۆ بگرێت، بگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 40 ساڵ لەمەوبەر، هەروەها هەموو زاراوە و کولتوورە جۆراوجۆرەکانی کوردی بگرێتەوە.

لە کتێبخانەی گشتیی دهۆک، تیمی ئەرشیفکردن بە وردی لە نێو ڕەفە دارەکانی کتێبدا دەگەڕێن بۆ دۆزینەوەی کتێبێکی دەگمەنی ئەدەبی یان مێژوویی کوردی کە جێگەی گرنگی پێدان بێت.

تیمەکە بە هاوکاری بەڕێوەبەری کتێبخانە، کۆمەڵێک کتێب کە لە نزیکەی 35 کتێبی تایبەت بە شیعر، سیاسەت، زمان و مێژوو، کە بە شێوەزاری جۆراوجۆری کوردی نووسراون و هەندێکیان بە زمانی عەرەبی هەڵبژارد.

پشتیوان کتێبێکی بە ناوی "خانزاد" لە دەستدابوو، کە ناوی شازادەیەکی کوردە و لە سەدەی شانزەهەمدا ژیاوە و چیرۆکەکانی فۆلکلۆری کوردی لەخۆدەگرێت، پاشان بە نەرمی لاپەڕەکانی کتێبێکی ئایینی هەڵدەدایەوە، دەستی لەوشانە دەدا کە بە عەرەبی نووسراون.

لەناو پاسەکەدا کە دوو سکانەری تێدایە، تیمەکە دادەنیشن بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە قورسە کە چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت، کۆپیکردنی ئەو کتێبانەی کە کۆیان کردۆتەوە، پێش ئەوەی بیانگەڕێننەوە بۆ کتێبخانەکە.

کورد لە ماوەی مێژووی پڕ لە ململانێی خۆیدا، دەستنووس و بەڵگەنامەی زۆری لە دەست داوە، ئەوەی دەمێنێتەوە بەسەر کتێبخانە تایبەت و گشتییەکان، زانکۆکان، یان لە کۆکردنەوەی تایبەتدا دابەش دەکرێت.

ناوەندێکی تایبەت بۆ ئەرشیفکردنی کتێبی کوردی لە ناوچەکەدا نییە، بەڵام ئەم پڕۆژە دیجیتاڵییە ئەرشیفکردنە لەلایەن رێکخراوی ناحکومی "سەنتەری کوردستان بۆ هونەر و رۆشنبیری" بەڕێوەدەبرێت.

محەممەد فاتح، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری "سەنتەری کوردستان بۆ هونەر و رۆشنبیری" دەڵێت، ئامانج لێی "دابینکردنی سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ خوێنەران و توێژەرانی کورد".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم ئەرشیفە دەبێتە موڵکی هەموو کوردێک بۆ بەکارهێنان، و بۆ ئەوەی ببێتە فاکتەرێکی یارمەتیدەر بۆ ئەوەی بزانین چۆن لە خۆمان تێبگەین".

تیمی سەنتەرەکە لە مانگی تەمموزەوە دەستیان کردووە بە گواستنەوە لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە، بەو هیوایەی لە مانگی نیسانەوە ئەم کتێبە دەگمەنانە بە خۆڕایی لە ماڵپەڕی سەنتەرەکەدا بڵاوبکرێتەوە.

تیمەکە توانیان 950 کتێب و بەڵگەنامە ئەرشیف بکەن، کە کۆمەڵێک دەستنووس، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەهەم و سەر بە میرنشینی کوردی بابان بوون.

لە کتێبخانەی گشتیی دهۆکدا، کۆمەڵێک بەڵگەنامە و دەستنووسە کۆنەکان تۆزو خۆڵی لەسەر نیشتووە، بۆیە کاتێک تیمی سەنتەری کوردستان بۆ هونەر و رۆشنبیری، بیرۆکەی ئەرشیفکردنی کتێبی بە شێوەی ئەلیکترۆنی پێشنیار کرد، مەسعود خالید بەڕێوەبەری کتێبخانەکە دەرگای بۆ کردنەوە.

هەندێک لە دەستنووسەکان پێویستیان بە رەزامەندی خاوەنە رەسەنەکانیان هەیە پێش ئەوەی بە شێوەی ئەلیکترۆنی کۆپی بکرێن و پاشەکەوت بکرێن، هەروەها کاتێک خالید ئەم رەزامەندییە لە خاوەنەکانیان وەردەگرێت، تیمەکە دەگەڕێنەوە بۆ دهۆک بۆ تەواوکردنی ئەرکەکە.

خالید دەڵێت: "کتێبمان هەیە کە ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر چاپکراون، خاوەن و نووسەرەکانیش گیانیان لەدەستداوە، ئیتر هەرگیز چاپ ناکرێنەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕینی ئەم کتێب و دەستنووسانە بۆ ئەلیکترۆنی لە کۆتاییدا رێگە بەکردنەوەی کتێبخانەی ئەلیکترۆنی دەدات.

هانا هیرانی، ئیمامی مزگەوتێکی شارۆچکەی هیرانە و دەڵێت: گەنجینەیەک بۆ تیمی سەنتەری کوردستان بۆ هونەر و رۆشنبیری ئاشکرادەکات، کە دەستنووسە سەدەییەکانی تێدایە و دەکەونە قوتابخانەیەکی ئایینی کە لە سەدەی هەژدەدا دامەزراوە.

قوتابخانە ئاینییەکە خاوەنی دەستنووسێکی زۆر بوو، بەڵام بە گوتەی هانا هیرانی لە یەکەم شەڕی عێراق و کورد لە ساڵی 1961دا ژمارەیەکی زۆر لە دەستنووسەکان لەناوچوون.

دەشڵێت: "تا ئەمڕۆ تەنها 20 دەستنووس ماونەتەوە"، کە شیعری تێدایە تەمەنیان سەدان ساڵە.

لە ئێستادا هیرانی بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی کردنەوەی ماڵپەڕی سەنتەری کوردستان بۆ هونەر و رۆشنبیری دەکات، بۆ ئەوەی ئەم دەستنووسە دەگمەنانە بۆ هەموو لایەک بەردەست بن.

 دەڵێت: "کاتی ئەوە هاتووە کە بە ئاشکرا بیخەینە بەردەستی هەمووان".