ئالان حه‌مه‌ سه‌عید: رێککەوتننامەی 11ـی ئادار چەندین دەستکەوتی سیاسی و ئابووری بۆ کوردستان بەدەستهێنا

K24 - هەولێر:

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە رێککەوتننامەی 11ـی ئادار دەڵێت، ئەو رێککەوتننامەیە دەرخەری ئەوەیە پەروەردە و زمانی دایک پانتاییەکی گەورەیان لە هزری بارزانی نەمردا هەبووە.

ئالان حەمە سەعید راشیدەگەیه‌نێت، هەر چەندە حکومەتی ئەو کاتی عێراق پاشەکشەی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 11ـی ئادار کرد، لەگەڵ ئەوەشدا بارزانی نەمر توانی چەندین دەستکەوتی سیاسی، ئابووری، یاسایی، تەشریعی و کارگێڕی بۆ کوردستان بەدەستبهێنێت، لە نێویشیاندا مافی خوێندن بە زمانی دایک.

له‌ساڵی 1970، به‌یاننامه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ى 11ى ئادار بڵاوكرایه‌وه‌و واژوكرا، له‌نێوان سه‌ركردایه‌تى سیاسی كورد "مسته‌فا بارزانى" و حكومه‌تى ئه‌وكاتى عێراق، به‌پێی ئه‌و رێكه‌وتننامه‌یه‌، حوكمی زاتیی و خۆبه‌ڕێوه‌بردن به‌ كورد درا له‌چوارچێوه‌ى هه‌رسێ پارێزگاى سلێمانى و هه‌ولێر و دهۆك، به‌بێ ناوچه‌ كوردستانیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم.

پاش ماوه‌یه‌ك ئه‌م رێككه‌وتنه‌ تێكچوو، به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوونى عێراق به‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ و هه‌روه‌ها داواكاریی كورد بۆ حوكمێكى زاتى راسته‌قینه‌ و یه‌كلانه‌بووه‌نه‌وه‌ى پرسی كه‌ركووكیش.