نەبەز عەبدولحەمید: پلانێکی تۆکمەمان بۆ چاودێری بازاڕ داناوە
K24 – هەولێر:
قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، رایدەگەیەنێت؛ سەرەڕای خواستی هاووڵاتییان لەسەر کاڵا خۆراکییەکان، بەڵام نرخەکان لە بازاڕ جێگیرن و گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، لیژنەکانی چاودێری و پشکنینی بازاڕ پلانێکی تۆکمەیان داناوە بۆ چاودێریکردنی بازاڕ لە مانگی رەمەزاندا.
قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، راشیگەیاند، لە رەمەزان چاودێرییەکی وردی کۆگاکانی خواردن دەکرێت، چونکە خواستی هاووڵاتی لەسەر کڕینی خۆراک و کاڵا و شتومەک زیاد دەکات، هەروەها بە بەردەوام چاودێری کارگەکانی دروستکردنی شەربەت دەکرێت.
نەبەز عەبدولحەمید، ئاماژەی بەوەدا، پێش 10 رۆژ 30 تۆن خورما و هەنجیری وشککراوی ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەردا گیرا، کە دایاننابوو بۆ مانگی رەمەزان لە بازاڕدا ساغبکرێتەوە.
قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، دەڵێت: هاووڵاتییانیش هاوشانی لیژنەکانی چاودێری بازاڕ لەکاتی بینینی هەر خواردنێکی ماوەبەسەرچوو پێویستە ئاگادارمان بکەنەوە.
نەبەز عەبدولحەمید، گوتیشی: لەکاتی بینینی هەر سەرپێچییەک، هاووڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بە ژمارەی 07502224488 بکەن.
قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، باسی لەوەشکرد، سەرەڕای خواستی هاووڵاتییان لەسەر کاڵا خۆراکییەکان، بەڵام نرخەکان لە بازاڕ جێگیرن و گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، بەڵکو لە زۆر شوێن نرخەکان دابەزێندراوە چونکە رەچاوی بارودۆخی هاووڵاتییان کراوە.