نەبەز عەبدولحەمید: هۆکاری سووتانی بازاڕی لەنگەمان بۆ ئاشکرا بووە

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر

K24 – هەولێر:

پاککردنەوەی بازاری لەنگە تەواوبووە و دەست بە نۆژەنکردنەوەی کراوە، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێریش دەڵێت: هۆکاری راستەقینەی سووتانی بازاڕی لەنگە ئاشکرابووە و لەماوەیەکی نزیکدا بۆ رای گشتی بڵاویدەکەینەوە.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر لەبارەی سووتانی بازاڕی لەنگەی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، هۆکاری سووتانی بازاڕی لەنگەمان بۆ ئاشکرا بووە، ئەویش لە ئەنجامی کارکردنی چەند کرێکارێک بووە لە یەکێک لە دووکانەکان.

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، بە گوێرەی لێکۆڵێنەوەکان دەرکەوتووە رووداوەکە بە دەستی ئەنقەست نەبووە، رووداوێکی سرووشتی بووە هەرچەندە کەمتەرخەمی لەلایەن هەندێک کەس هەبووە، لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن و تا ئێستا دوو کەس دەستگیرکراون.

نەبەز عەبدولحەمید، هەموو ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن بازاڕی لەنگە دەبێتە پڕۆژەیەکی بازرگانی و دەدرێتە چەند کۆمپانیایەک، ناوبراو گوتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگی بەو جۆرە بازاڕانە دەدات.

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، لەبارەی قەرەبووکردنەوەی دووکاندارانی بازاڕەکەش دەڵێت: حکومەت بەپێی توانای خۆی هاوکاری ئەو دووکاندارانە دەکات کە لە ئاگرەکەوتنەوەکە زیانمەند بوونە، هەروەها لە ئێستادا نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە دەستیپێکردووە لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە.

بازاڕی لەنگە دوای سووتانی دەست بە نۆژەنکردنەوەی کراوە، هەر دووکانێکی سووتاو بەپێی ئەو کەلوپەلانەی تێیدابووە زەرەری بەرکەوتووە.

هەروەها بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە 162 دووکان سوتان و چوار دووکانی دیکەش زیانیان بەرکەوت، هەموو هەوڵی کاسبکارانی بازاڕەکە بۆ ئەوەیە بۆ پێش جەژنی رەمەزان بتوانن دووکانەکانیان بکەنەوە و کەلوپەلەکانیان بفرۆشن.