ژمارەیەك پڕۆژەی تەندروستی لە هەڵەبجە و هەورامان کرانەوە

وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەردانى پارێزگاى هەڵەبجە و دەڤەرى هەورامانى کرد
وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەردانى پارێزگاى هەڵەبجە و دەڤەرى هەورامانى کرد

K24 – هەڵەبجە:

وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەردانى پارێزگاى هەڵەبجە و دەڤەرى هەورامانى کرد و، چەندین پڕۆژەى تەندروستى گرنگى بۆ شارەکە کردەوە کە گرنگترینیان کردنەوەى نەخۆشخانەى گشتى هەورامان بوو بەسەرجەم بەش و پێداویستییە پزیشکەکانى.

سامان بەرزنجی، وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەردانی بۆ هەڵەبجەو هەورامان سەردانێکى ئاسایی نەبوو بەڵکو پڕ پڕۆژە و بەرهەم بوو کە گرنگترینیان کردنەوەى نەخۆشخانەی گشتی هەورامان بوو، کە سەرجەم پێداویستییەکانى لەسەر ئەرکى حکومەتى هەریمى کوردستان بە بڕى یەک ملیار دینار بۆ دابین کراوە.

لەبارەی سەردانەکەی، سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەمڕۆ ڕۆژێکی پڕ خزمەتگوزاری تەندروستی بوو بۆ هەڵەبجە، پیرۆزبایی لە هاووڵاتییانی پارێزگاکە و دەڤەری هەورامان دەکەین بەڕاستی دوای سەردانی بەڕێز جەنابی سەرۆکی حکومەت من دەمەوێ سوپاسی جەنابی کاک مەسرور بارزانی بکەم کە بەردەوام هەموو رەزامەندییەکانی دەربڕیوە بۆ هەڵەبجە".

وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، لەماوەی ساڵی پارو پێراردا چەندین رەزامەندی دراوە، تەنیا ئامێری پزیشکی بە گوژمەی حەوت ملیار دینار تەرخان کراوە، بەشێکیان گەشتووە، بۆ نموونە لە نەخۆشخانەی بیارە کە ئەمرۆ بە فەرمی کرایەوە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانە بە گوژمەی یەک ملیار دینار ئامێ رو پێداویستی پزیشکی بۆ دابین کراوە، دابینکردنی ئەمبوڵانس و کارگەی ئۆکسجینیش بە گوژمەی 385 ملیۆن دینار بووە.

لەمیانەی سەردانەکەشیدا وەزیرى تەندروستى لە هەڵەبجە نووسینگەى لەدایکبووان و مردووانى کردەوە، کارەکانیان بە سیستم رێک دەخرێتەوە، هاوکات سەنتەرى فریاگوزارى خێراى لەهەڵەبجە کردەوە لەگەڵ سەنتەرى نەخۆشیەکانى هەرس و جگەر و نەخۆشیەکانى مەمک.

هاوکات بەڵێنى دابینکردنى ئامێرێکى پێشکەوتووى دەستنیشانکردنى نەخۆشییەکانى شێرپەنجەى بە هەڵەبجەییەکاندا و، بەڵێنیشیدا بە گوژمەی 500 ملیۆن دینار کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى هەڵەبجە بکرێتەوە و بۆ نەخۆشخانەى هەورامانیش 130کارمەندى بۆ دامەزراوە.