54 ساڵ بەسەر رێککەوتننامەی 11ـی ئادار تێدەپەڕێت

54 ساڵ بەسەر رێککەوتننامەی 11 ـی ئادار تێدەپەڕێت
54 ساڵ بەسەر رێککەوتننامەی 11 ـی ئادار تێدەپەڕێت

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ  54 ساڵ بەسەر رێککەوتننامەی 11ی ئاداری ساڵی 1970 تێدەپەڕێت، کە لە نێوان سەرکردەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان مستەفا بارزانی و رژێمی پێشووی عێراق واژۆ کرا.

رێککەوتنەکە بریتی بوو لە پێشەکییەک و 22 بڕگە کە 15 بڕگەیان ئاشکرا و 7 بڕگەیان نهێنی بوون، ئەو بڕگانەی نهێنی بوون پەیوەندیان بە دیاریکردنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستان و، هەمواری دەستووری عێراق و، چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانەوە هەبوو کە کەرکووک و خانەقین و شنگال دەگرێتەوە.

دەقی راگەیێندراوی هاوبەشی رێککەوتنەکە:

یەکەم: ناساندنی زمانی کوردی لەپاڵ زمانی عەرەبی لەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتووانی کوردە.

دووەم: کورد بەشداری تەواوی لە حکومڕانیدا دەبێت بە بەشداریکردنیشی لە سوپا.

سێیەم: پەرە بە پەروەردە و کولتووری کوردی دەدرێت.

چوارەم: لەو ناوچانەی کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردن سەرجەم کارمەندانی کورد دەبن.

پێنجەم: کورد ئازادە لە دامەزراندنی رێکخراوەکانی قوتابییان، لاوان، ئافرەتان و مامۆستایان.

شەشەم: بودجەیەکی پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان تەرخان دەکرێت.

حەوتەم: مووچەیەک بۆ خێزانی شەهیدان و هەژاران و ئاوارەکان دیاری دەکرێت .

هەشتەم: کورد و عەرەب دەگەڕێندرێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونی پێشووی خۆیان .

نۆیەم: چاکسازی کشتوکاڵی ئەنجام دەدرێت .

دەیەم: گەلی عێراق لە دوو نەتەوەی کورد و عەرەب پێکدێت.

یازدەهەم: ئێزگەی رادیۆ و چەکە قوڕسەکان رادەستی دەوڵەت دەکرێن.

دوازدەهەم: یەکێک لە جێگرەکانی سەرۆککۆماری عێراق کورد دەبێت .

سێزدەهەم: ئیدارەی وڵات بەشێوەیەک رێکدەخرێت کە لەگەڵ ئەم رێککەوتننامەیە بگونجێت.

چواردەم: بودجەی ئەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن رێکدەخرێت لە یەکەیەکی ئۆتۆنۆمیدا.

پازدەم: گەلی کورد بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانی لە دەسەڵاتی یاسادانان بەشدار دەبێت.

بەڵام زۆری نەخایاند دوای رێکخستنەوەی ریزەکانی، رژێمی بەعس رێککەوتنەکەی پێشێلكرد، ناوی کوردی وەکو نەتەوە لە دەستووری کاتی ساڵی 1970 نەهێنا و، خوێندنی کوردی هەڵوەشاندەوە. هەروەها کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی هەشت بڕگەی رێککەوتنەکەدا کرد؛ درێژەیدا بە پرۆسەی تەعریبکردن لە کەرکووک، خانەقین و شنگال؛ کوردانی فەیلی لە بەغدا دەرکرد و ناسنامەی لێیان سەندەوە و ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستانی تاکلایەنە بەبێ کەرکووک، خانەقین و  شنگال دیاریکرد. هاوکات هێرشی بۆ سەر ناوچەکانی شۆڕشی کوردستان دەستپێکرد، تا کار گەیشتە ئەوەی لە 6ی ئاداری ساڵی 1975 بە نێوەندگیریی جەزائیر رێککەوتننامەی لەگەڵ حکومەتی ئێراندا کرد بۆ لەنێوبردن و گەلەکۆمەکێکردن لەسەر شۆرشی کوردستان.

زۆرێک لە سیاسەتمەداران و چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن ئەم رێککەوتنامەیە لەدوای پەیمانی سیڤەر بە دووەمین دەستکەوتی رێککەوتنامەیەک دادەنرێت کە تێیدا حکومەتی عێراق دانینا بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد چونکە لە ساڵی 1970 لە هەر چوار پارچەی کوردستان مافەکانی کورد پێشێل دەکرا و، ئەم رێککەوتنە هیوای به‌ کۆمەڵگەی کوردستان بەخشییه‌وه.