سوپای سوودان بەو مەرجە شەڕ رادەگرێت کە رێککەوتنی جددە جێبەجێ بکرێت

سوودان | وێنە: AP
سوودان | وێنە: AP

K24 - هەولێر

ئەنجومەنی سەروەری سوودان لەسەر زاری یاسر عەتا، یاریدەدەری فەرماندەی گشتی سوپای سوودان بڵاوی کردووەتەوە و دەڵێت، ناتوانن ئاگربەست لە مانگی رەمەزان بکەن، تەنها ئەگەر هێزەکانی پشتیوانی خێرا رێککەوتنی جددە جێبەجێبکەن کە لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو واژۆی کرد.

هێزە چەکدارەکانی سوودان لە پلاتفۆڕمی فەیسبوک بڵاویان کردەوە، کە یاسر عەتا گوتیەتی: دەوڵەت لەیەک حاڵەت دانوستان دەکات بۆ راگرتنی شەڕ، ئەویش کاتێک "هەڵگەڕاوەکان پابەند بن بە رێککەوتنەکەی جددە".

عەتا ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ شوێنێکی سیاسی و سەربازی بۆ خێزانی فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا 'محەمەد حەمدان' نییە، نە لە داهاتووی سوودان و نە لەهێزە چەکدارەکان".

رۆژی هەینی رابردوو، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پڕۆژە یاسایەکی پیشکەش کرد و داوای لە سوودان کرد لە مانگی رەمەزان دا شەڕ رابگرێت، پڕۆژە یاساییەکە بەریتانیا پیشکەشی کرد و 14 دەنگی هێنا بەڵام رووسیا دەنگی پێنەدا.

عەتا داوای لە وەزیری بەرگری کرد کە هەنگاو بنێت لەگەڵ تەواوکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنی سەرجەم هێزە چەکدارەکان بۆ ناو سوپا، بۆ ئەوەی چەک تەنها بەدەست سوپای نیشتمانی بێت، هەروەها حکومەتی جەنگی پێکبهێنێت تاوەکو سەرکردایەتی دەوڵەت بۆ چارەسەرکردنی هەڵگەڕاوەکان بگرێتە ئەستۆ و وڵات دوای جەنگ ئاوەدان بکرێتەوە.

لە 15ـی نیسانی 2023، شەڕ لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا روویدا کە بەدەیان هەزار کەس کوژراون و بە ملیۆنان کەسیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون.