نێچیرڤان بارزانی: رێككه‌وتننامه‌ى (11)ى ئادار به‌رهه‌مى تێكۆشان و قوربانيدانى گه‌لى كوردستان بوو

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردتسان لە ساڵیادی رێككه‌وتننامه‌ى (11)ى ئادار دەڵێت، "با ئه‌م ياده لە هەرێمی کوردستان‌ بكه‌ينه‌ ده‌رفه‌تى لێكگه‌يشتنى هاوبه‌شى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان" و لە عێراقیش، "با په‌ند و وانه‌ له‌ ڕابردوو و مێژووى پڕ له‌ ئازارى وڵات وه‌ربگرين و ده‌ستوور جێبه‌جێ بكه‌ين".

ئەمڕۆ دووشەممە، 11-03-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 54ـەمین ساڵیادی ڕێككه‌وتننامه‌ى (11)ى ئاداری 1970 پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ "به‌رهه‌مى تێكۆشان و قوربانيدانى گه‌لى كوردستان بوو كه‌ حكومه‌تى عێراقى ناچار كرد دان به‌ به‌شێك له‌ مافه‌ ڕه‌واكانيدا بنێت، هه‌روه‌ها بووه‌ بناغه‌ى هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانى دواترى گه‌لى كوردستان".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستووەتەڕوو، "با له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌م ياده‌ بكه‌ينه‌ ده‌رفه‌تى لێكگه‌يشتنى هاوبه‌شى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان بۆ تێپه‌راندنى كێشه‌ و ناكۆكى تا پێكه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى ئاڵنگارييه‌كان ببينه‌وه‌ و ده‌سكه‌وت و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كان و قه‌واره‌ى فيدراڵيى هه‌رێمى كوردستان بپارێزين".

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

ئه‌مڕۆ يادى شكۆدارى (54) ساڵه‌ى ڕێككه‌وتننامه‌ى (11)ى ئازارى 1970 ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وساى عێراق و شۆڕشى مه‌زنى ئه‌يلوولدا به‌ ڕابه‌رايه‌تيى بارزانيى نه‌مر واژۆ كرا. ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ وه‌رچه‌رخانێكى چاره‌نووسساز و يه‌كه‌م به‌ڵگه‌نامه‌ى فه‌رمى بوو له‌ مێژووى هاوچه‌رخدا. به‌رهه‌مى تێكۆشان و قوربانيدانى گه‌لى كوردستان بوو كه‌ حكوومه‌تى عێراقى ناچار كرد دان به‌ به‌شێك له‌ مافه‌ ڕه‌واكانيدا بنێت، هه‌روه‌ها بووه‌ بناغه‌ى هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانى دواترى گه‌لى كوردستان.

له‌م ياده‌دا مێژووى پڕ له‌ نه‌هامه‌تيى ده‌وڵه‌تى عێراق به‌ بيرى هه‌مووان ده‌هێنينه‌وه‌ كه‌ لۆژيكى هێز و بير و سياسه‌تى نكۆڵيكردن له‌ مافه‌كانى گه‌لى كوردستان و پێكهاته‌كانى عێراق به‌گشتى، چ زيانێكى له‌ وڵات داوه‌؟ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وساى عێراق له‌ ڕێككه‌وتننامه‌كه‌، شه‌ڕ و ماڵوێرانى و كاره‌سات و ناسه‌قامگيريى به‌رده‌وامى بۆ عێراق و گه‌لانى به‌دواى خۆيدا هێنا كه‌ لێكه‌وته‌كانى تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامن.

با له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌م ياده‌ بكه‌ينه‌ ده‌رفه‌تى لێكگه‌يشتنى هاوبه‌شى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان بۆ تێپه‌راندنى كێشه‌ و ناكۆكى تا پێكه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى ئاڵنگارييه‌كان ببينه‌وه‌ و ده‌سكه‌وت و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كان و قه‌واره‌ى فيدراڵيى هه‌رێمى كوردستان بپارێزين. له‌ عێراقيش په‌ند و وانه‌ له‌ ڕابردوو و مێژووى پڕ له‌ ئازارى وڵات وه‌ربگرين، ده‌ستوور جێبه‌جێ بكه‌ين و سيستمى فيدراڵى و مافه‌كانى هه‌موو گه‌لان و پێكهاته‌كانى عێراق بپارێزين و به‌ ڕوانينێكى هاوبه‌ش به‌ره‌و داهاتوو هه‌نگاو بنێين.

سڵاو له‌ يادى ڕێككه‌وتننامه‌ى (11)ى ئازار و دروود بۆ گيانى پاكى شه‌هيدان.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2024/3/11