بەرپرسانی عێراق رێگەی جیاواز بۆ گەندەڵی بەکاردەهێنن

بەرپرسانی عێراق رێگەی جیاواز بۆ گەندەڵی بەکاردەهێنن
بەرپرسانی عێراق رێگەی جیاواز بۆ گەندەڵی بەکاردەهێنن

K24 - هەولێر

گەندەڵی لە عێراقدا رەگی داکووتیوە و بەرپرسانی ساڵ لە دوای ساڵ رێگەی نوێ و جیاواز بۆ ئەنجامدانی گەندەڵی و کۆکردنەوەی سامان دادەهێنن.

گەندەڵی لەناو کەشوهەوای سیاسی عێراقدا وەها رەگی داکوتیووە، خەریکە لە چینی سیاسی و دەسەڵاتدارانی بەغدا وەک کلتووری لێدێت و ئەوانەی تووشی ئەو پەتایە نەبوون بە پەنجەکانی دەست دەژمێرێن. ساڵ لە دوای ساڵیش قەبارە و شێوازی گەندەڵی لە عێراقدا داهێنانی تێدا دەکرێت.

حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا چالاکییەکانی دەستەکەی لە ماوەی ساڵی 2023دا خستەڕوو، تێیدا باسی لەوە کرد، لە ساڵی 2023، نزیکەی 430 ملیار دینار کە بەگەندەڵی کۆکرابوونەوە گەڕێندراونەتە گەنجینەی دەوڵەت.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی گوتیشی، لە ساڵی 2023دا، 18 هەزار و 868 کەس تۆمەتی گەندەڵییان رووبەڕوو کراوتەوە، کە لەناویاندا 55 وەزیر و 350 پلە باڵا لە ئاستی بەڕێوەبەری گشتی هەن.

دەستەی دەستپاکی عێراق لە ماوەی 2023دا، 11 هەزار و 186 فەرمانی گرتنی دەرکردووە و لەو ژمارەیە 7 هەزار و 856ـیان جێبەجێ کراون.

بەتۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی و بەدەستهێنانی داهات لە سەرچاوەی ناشەرعییەوە قەدەغەی گەشتی دەرەوەی وڵات لە 228 بەرپرس کراوە، کە نۆ کەس لەوان وەزیری پێشوون.

دیارترین ئەو میکانیزم و رێگەیانەی بەرپرسانی عێراق بۆ ئەنجامدانی گەندەڵی و کۆکردنەوەی پارە پەنای بۆ دەبەن بریتین لە بەرتیل وەرگرتن، ساختەکاری، بەهەدەردانی سامانی گشتی، بەکارهێنانی پێگەکانیان بۆ کاری تایبەت و شتی دیکە.

حەیدەر حەنوون باس لە قورسی ئەرکی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵێ دەکات و ئەو پارەیە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا بەهۆی گەندەڵییەوە لە عێراق دزراوە بە خەیاڵی وەسفدەکات.

بەشێک لەو بەرپرسە عێراقییانەی دۆسیەی گەورەی گەندەڵییان لەسەرە هەڵهاتوون و پەنایان بۆ وڵاتانی دیکە بردووە، ئەمەش ئەرکی دەستەی دەستپاکی چەند هێندەی دیکە بۆ گەڕانەوەی پارە دزراوەکان قورس کردووە.