نەسڕ یاریی مان و نەمان لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا دەکات

کریستیانۆ رۆناڵدۆ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەرکردایەتی یانەی نەسڕ دەکات بۆ گەیشتن بە قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئاسیا و ئەمشەو لە یارییەکی چارەنووسساز لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی چارەکی کۆتایی پاڵەوانیەتییەکە رووبەڕووی یانەی عەینی ئیماراتی دەبێتەوە.


لە یاریی چووندا عەینی ئیماراتی توانی بەگۆڵێکی بێبەرامبەر لە نەسڕ بباتەوە کە سوفیان رەحیمی یاریزانی مەغریبی تاکە گۆڵی سەرکەوتنی یانە ئیماراتییەکەی تۆمار کرد، ئەمشەویش لە یاریگەی ئەوەل پارک لەکاتژمێر 10:00 یاریی گەڕانەوە دەکەن.


نەسڕ بەسەرکردایەتی کریستیانۆ دەیەوێت بە جیاوازی زیاتر لە گۆڵێک لە میوانەکەی بباتەوە، چونکە تاکە رێگەیە بۆ ئەوەی بلیتی قۆناغی پێش کۆتایی بەدەست بهێنێت، لەلایەن خۆیەوەی یانەی عەین بە یەکسان بوونیش دەتوانێت بگاتە قۆناغی داهاتوو و نەسڕ لە پاڵەوانیەتییەکە دووربخاتەوە.


لەم یارییە نەسڕ لە تواناکانی ئێمێریک لاپۆرت بێبەش دەبێت دوای ئەوەی لە یاریی چوون بە کارتی سوور دەرکرا، هەروەها تالیسکا بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکات و عەزیز بیهیش و داڤید ئۆسپینای گۆڵپارێزیش بەهۆی پێکانەوە ئامادە نابن.