فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە نزیک دامەزراوە ئەتۆمییەکانی سوید بینراوە

دامەزراوەیەکی ئەتۆمی سوید
دامەزراوەیەکی ئەتۆمی سوید

K24 - هەولێر                                                                                                                

پۆلیسی سوید رایگەیاند، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە باشووری وڵاتدا بینراوە. ئەکادیمیستێکی سویدیش دەڵێت، "رووسیا لە پشت ئەم رووداوەوەیە".

ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی ئاداری 2024، گوتەبێژی پۆلیسی سوید رایگەیاند، دوای بینینی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان"درۆن" بەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە باشووری وڵاتی سوید لە چەند شوێنێکی ناوچەی سکونا کەلوپەلی فڕیو بینراوە لێکۆڵینەوەی دەستی پێکردووە.

بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان، ئەو شوێنانە ناوچەیەکی نزیک لە وێستگەیەکی ئەتۆمی و فڕۆکەخانەی شاری مالمۆ لەخۆدەگرن.

بەگوتەی ئەو گوتەبێژە: "ناتوانم هیچ شوێنێکی دیاریکراو پشتڕاست بکەمەوە، دەسەڵاتداران راپۆرتەکانیان بە بەڵگە کردووە و پشکنینی بۆ دەکەن".

ئەو روونیکردەوە، لێکۆڵەران بەدواداچوون بۆ "ئەگەری پێشێلکردنی رێساکانی فڕۆکەوانی" و هەروەها "رێسا ئەمنییەکان" دەکەن، بەڵام هێشتا روون نییە، ئایا فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئەم پێشێلکارییانەی کردووە یاخود نا.

گوتەبێژەکە ئاماژەی بە ئەو زانیارییانە کرد کە دەزگای "TT"ی سویدی بڵاویان کردۆتەوە و لێکۆڵینەوەکان بریتین لە "بوونی ئەگەری پەیوەندی لەگەڵ لایەنێکی بیانی"، هەروەها "ئەمە شتێکە کە هێشتا زووە بۆ دیاریکردن، لەم قۆناغەدا، دەبێت سەرەتا چیمان بینیوە شیکاری بکەین".

ماڵپەڕی ئەلکۆمپیسی سویدی بڵاویکردووەتەوە، ئەو رووداوە پەیوەستە بە پرسی پەیوەستبوونی ئەم دواییەی سوید بۆ ناتۆ.

لای خۆیەوە ماگنوس کریستیانسۆن، توێژەر لە زانکۆی بەرگریی سوید رایگەیاند، "مەترسییەک هەیە کە پەیوەستە بە سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە". بەپێی گوتەکانی ئەو شارەزایە، "رووسیا لە پشت ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەیە کە راپۆرتیان لەسەر کراوە، هەروەها سوید پێشبینی دەکات رووسیا رێگەی جۆراوجۆر بەکاربهێنێت، لە تێکدانی سیستەمی ئابووری تاکو سیستەمی تەکنیکی."

ئەوەی جێگای سەرنج بێت تاکو ئێستا هیچ لایەن و وڵاتێک بەرپرسیارێتی ئەم رووداوە لە ئەستۆ نەگرتووە.