دەستگیرکراوێک لە بنکەیەکی دەستبەسەرکردن لە بەغدا گیانیلەدەستدا

وەزارەتی ناوخۆی عێراق
وەزارەتی ناوخۆی عێراق

K24 - هەولێر

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، دەستگیرکراوێک لە بنکەیەکی دەستبەسەرکردن لە بەغدای پایتەخت گیانیلەدەستدا.

ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی ئاداری 2024، لە راگەیەندراوێکدا عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بەپێی رێنماییەکان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو بابەتە پێکدەهێنین بۆ زانینی بارودۆخی گیانلەدەستدانی یەکێک لە تۆمەتبارەکان بەپێی بڕگەکانی ماددەی 27ـی دژە ماددە هۆشبەرەکان یاسا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمەتبارەکە دانیشتووی پارێزگای میسانە و لە جێگای وەستانی ئۆتۆمبێل لە بەغدای پایتەخت راگیراوە.

لای خۆیەوە، دادگای تاوانەکانی رەسافە لە بەغدا، پێنجشەممەی رابردوو، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر ئەفسەرێکی لێکۆڵینەوە دەرکرد، دوای ئەوەی تاوانبار کرا بە کوشتنی یەکێک لە دەستگیرکراوەکان لە کاتی ئەشکەنجەدان لەو بنکەیە.