بایدن و ناتانیاهۆ لێدوانی دژ بە یەک لەبارەی شەڕی غەززە دەدەن

بایدن و ناتانیاهۆ
بایدن و ناتانیاهۆ

K24 - هەولێر

سەرۆکی ئەمەریکا رەخنە لە ناتەنیاهۆ دەگرێت و رایدەگەیەنێت، ئەوەی ئیسرائیل لە غەززە دەیکات زیان بە خۆی دەگەیەنێت. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش لە وەڵامیدا دەڵێت، "بایدن هەڵەیە و سیاسەتی ئیسرائیل دروستە. تاوەکو بارمتەکانمان ئازاد نەکرێن، لە رەمەزاندا ئاگربەست راناگەیەنین".

ئەمڕۆ یەکەم بەرەبەیانی مانگی رەمەزانە لە غەززە. خەڵکی غەززە چاوەڕێ بوون لەم مانگەدا شەڕ رابگیرێت، بەڵام سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، لە مانگی رەمەزانیش شەڕ بەردەوام دەبێت.

ئەمەریکا بە رژدی کاری بۆ راگرتنی شەڕ دەکرد لە مانگی رەمەزان، بەڵام ئیسرائیل و حەماس نەگەیشتنە رێککەوتن. جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە دۆخی مرۆیی غەززە و کوژرانی ئەو ژمارە زۆرەی "خەڵکی بێتاوان" نیگەرانە و دەڵێت، ئەوەی حکومەتی ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامی دەدات زیان بە خودی ئیسرائیل دەگەیەنێت.

 سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد، " ئەو (ناتانیاهۆ) مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە ئیسرائیل بکات و بەدوای حەماسەوە بێت، بەڵام دەبێت زیاتر ئاگاداری خەڵكی بێتاوان بێت کە بەهۆی کردەوەکانەوە دەبنە قوربانی. بە تێڕوانینی من ئەو زیاتر زیان بە ئیسرائیل دەگەیەنێت لەبری ئەوەی یارمەتی ئیسرائیل بدات. ئەمە پێچەوانەی ئیسرائیلە. بڕوام وایە ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە و ئاگربەستم دەوێت، هەروەها دەست بە رێککەوتنێکی گەورەی ئاڵوگۆڕی زیندانیان دەکەم کە شەش هەفتە دەخایەنێت، ئێستا دەڕۆینە ناو رەمەزان و پێویستە کار بۆ ئاگربەست بکەین."

بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش لە چاوپێککەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی پۆلەتیکۆی ئەڵمانی قسەکانی بایدنی رەتکردنەوە و رایگەیاند، سیاسەتیان هەڵە نییە و زۆربەی ئیسرائیلییەکان پشتیوانی دەکەن. ئاشکراشیکرد، ئەگەر بارمتەکانیان  ئازاد نەکرێن لە مانگی رەمەزان ئاگربەست راناگەیەنن.

ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماسیش ئاماژەی بەوە دا، ئیسرائیل بە رەتکردنەوەی داواکارییەکانی حەماس، بەرپرسیارە لە راگرتنی گفتوگۆکانی ئاگربەست، بەڵام هێشتا چاویان لەوەیە بگەنە رێککەوتن و ئاگربەست رابگەیەنرێت.

تاوەکو ئەم ساتە هیچ ئاسۆیەک بۆ راگەیاندنی ئاگربەست نییە و خەڵکی غەززە ئەم رەمەزانە لەژێر بۆردومانی سوپای ئیسرائیل بەرێبکەن. دۆخی مرۆییش هێندە سەختە، خواردنی ئامادەکراو و هاوکاری مرۆیی بەسەر خەڵکی غەززەدا بەردەدرێنەوە.