ئابووری جیهان هەفتەیەکی سەختی بەڕێکرد

نەوت و دۆلار - وێنە: رۆیتەرز
نەوت و دۆلار - وێنە: رۆیتەرز

K24 – هەولێر:

هەفتەی رابردوو بازارە داراییەکانی جیهان گۆڕانکاری گەورەیان بەخۆیانەوە بینی، هەندێک لە شرۆڤەکاران ئەو گۆرانکارییانە وەکو شۆکێکی گەورە بۆ بازاڕەکان ناودەبەن، ئێستا بازارە داراییەکان لە پشوودان، بەڵام زۆرێک لە بازرگان و شرۆڤەکاران، بە دوودڵییەوە چاوەڕێی کرانەوەی بازاڕە داراییەکانن و پێیان سەرەتای ئەم هەفتەیە ئاراستەی راستەقینەی داهاتووی نرخەکان روون دەبێتەوە.

ئابووری جیهان هەفتەیەکی سەختی بەڕێکرد و لە چاوەڕوانی کرانەوەی بازاڕە داراییەکاندایە بۆئەوەی ئاراستەی داهاتووی نرخ و بەهای دراو و کانزاکان دەربکەوێت.

هەفتەی رابردوو هەریەک لە نرخی زێر و بیتکۆین و گەیشتنە بەرزترین ئاستی مێژووی خۆیان، بەهای هەریەک لە دراوەکانی تومەنی ئێرانی، لیرەی تورکی و جونەیهی میسریش، بۆ نزمترین ئاست دابەزین.

هەموو ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی لە بازاڕە داراییەکاندا روویدا، پەیوەندییان بە پێشبینییەکانی بڕیاری داهاتووی رێژەی سووی بانکیی و ناسەقامگیرییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.

زۆربەی شرۆڤەکارانی بازارە داراییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر لەگەڵ کردنەوەی بازاڕە داراییەکاندا نرخی زێر روو لە دابەزین نەکات و بتوانێت پارێزگاری لە نرخی کاتی داخستنەکە بکات، ئەوا ئەگەری بەهێز لەئارادایە نرخەکەی زیاتر روو لە بەرزبوونەوە بکات.

پێنوێنی دۆلار لەکاتی داخستنی بازارەکاندا، 102.74 خاڵ دابەزیوە، ئەگەر هەروا بەردەوام بێت لە دابەزین ئەوا پشتیوانێکی گەورە دەبێت بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.

هەرچی لە نرخی نەوتە، تاڕادەیەک بەجێگیری و لە ئاستەکانی 82 دۆلاردا ماوەتەوە و خۆی لە شۆکی هەفتەی رابردووی بازارە داراییەکان پاراستووە.