دامەزراوەی نێودەوڵەتی فیچ ئاستی متمانە بە قەرزەکانی تورکیا بەرزدەکاتەوە

ئابووری تورکیا
ئابووری تورکیا

K24 – هەولێر:

وێڕای بەرزبوونەوەی بەردەوامی رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا و گەیشتنی بە بەرزترین ئاست لە 15 مانگی رابردوو و تێپەراندنی 67%، دامەزراوەی نێودەوڵەتی فیچ کە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی قەرز و بە یەکێک لە سێ دامەزراوەی گەورەی هەڵسەنگاندنی قەرزی وڵاتان هەژمار دەکرێت، ئاستی قەرزەکانی تورکیا لە "B"ـیەوە بەرزکردەوەوە بۆ "B+"، و لە هەمانکاتدا ئاسۆی قەرەزەکانی ئەو وڵاتەی لە جێگیرەوە گۆڕی بۆ ئاستی ئەرێنی.

دامەزراوەی فیچ هۆکاری بەرزکردنەوەی ئاستی متمانەی بە قەرزەکانی تورکیا دەگەرێنێتەوە بۆ سیاسەتی ئەم دواییەی بانکی ناوەندیی تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێژەی هەڵاوسان بە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی، بە جۆرێک رێژەی سوودی بانکی لە حوزەیرانی 2023 لە ئاستی 8.5% بەرزکراوەتەوە بۆ 45%.

دامەزراوەکە هۆکارێکی دیکەی گەڕاندووەتە بۆ زیادبوونی متمانە بە بەهێزی و کاریگەری سیاسەتی نوێی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا، هەروەها کەمبوونەوەی مەترسییە داراییەکان و نیگەرانییەکان سەبارەت بە سەرمایەی دەرەکی لە سەرچاوە جیاوازەکانی تورکیا.

لە هەمان کاتدا، دامەزراوەی فیچ پێشبینی دەکات لە ساڵی 2024، رێژەی هەڵاوسان بە تێکڕا بە 58% بێت و لە کۆتایی ساڵ بۆ 40% دابەزێت و لە 2025یش بۆ 29% پاشەکشە بکات. لەلایەکی دیکەوە، بەرزبوونەوەی یەدەگ و بەرزبوونەوەی قەبارەی بازرگانی و هەناردەکردن لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم گۆڕانکارییە دادەنرێن.

بەرزکردنەوەی ئاستی متمانە بە قەرزەکانی تورکیا لە کاتێکدایە، پێشتریش هەر یەکە لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی "ئێس ئاند پی" و "مۆودیز" ئاستی متمانەیان بە قەرزەکانی تورکیا گۆڕی. بەشێوەیەک دامەزراوەی مۆودیز لە (13ـی کانوونی دووەمی 2024) هەرچەندە ئاستی متمانەی قەرزەکانی تورکیای بە "B3" پشتڕاستکردەوە، بەڵام ئاسۆی هەڵسەنگاندنەکەی لە جێگیرەوە کرد بە ئەرێنی. دامەزراوەی ئێس ئاند پییش، لە مانگی کانوونی دووەمی 2023 ئاسۆی قەرزەکانی تورکیای لە جێگیرەوە بۆ ئەرێنی بەرزکردەوە.

هۆکاری هەڵسەنگاندنی نوێی فیچ بۆ قەرزەکانی تورکیا

بەرەنگاربوونەوەی رێژەی هەڵاوسان

بەرزکردنەوەی رێژەی سووی بانکی

رێژەی سوودی بانکی لە 8.5% بەرزکراوەتەوە بۆ 45%

زیادبوونی متمانە بە سیاسەتی نوێ دراویی

کەمبوونەوەی مەترسییە داراییەکان

کەمبوونەوەی نیگەرانییەکان سەبارەت بە سەرمایەی دەرەکی

پێشبینی بۆ دابەزینی رێژەی هەڵاوسان

تێکڕای هەڵاوسان لە 2024

%58

کۆتایی 2024

%40

ساڵی 2025

%29