ئەمەریکا: گرووپە میلیشیاکانی عێراق شەڕی جێبەجێکردنی ئەجێندای ئێران لە غەززە دەکەن

ئەڤریڵ دانيكا هاينز، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری نیشتمانی ئەمەریکا
ئەڤریڵ دانيكا هاينز، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری نیشتمانی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

ئەڤریڵ دانيكا هاينز، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری نیشتمانی ئەمەریکا دەڵێ؛ ئێران و گرووپە چەکدارە شوێنکەوتووی لە عێراق و سووریا شەڕی غەززە بۆ سەپاندنی ئەجێنداکانیان بەکاردەهێنن.

ئەڤریڵ هاينز لە میانی کۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەی هەواڵگریی کۆنگرێس گووتی: بە گوێرەی هەڵسەنگاندنەکانمان حزبوڵای لوبنان و ئێران نایانەوێت ببنە هۆکاری ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە و هەنگاونان بەرەو شەڕێکی فراوانتر، چونکە نایەوێت شەڕی غەززە فراوانبێت و پەل بۆ وڵاتانی دەوروبەر بکێشێت، بەڵام حووسیەکان بەبێ ئەوەی ئێران جووڵە بکات خۆیان هاویشتە ناو شەڕەکەو بوون بە کارەکتەرێکی شەڕنگێز.

بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری نیشتمانی ئەمەریکا لەبارەی گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران رایگەیاند، میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا دەستیان بە هێرش بۆ سەر هێزەکانمان کرد و سەرنجی سەرەکییان خستە سەر ئەمەریکا و ئیسرائیل، ویستیان غەززە بکەنە پاساو بۆ جێبەجێکردنی ویستەکانیان.

حەماس بووەتە ئیلهامبەخشی قاعیدە و داعش، ئەو گرووپانە هانی خەڵکی خۆیانداوە هێرشبکەنە سەر بەرژوەندییەکانی ئەمەریکا.

لە دوای هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023، وەڵامدانەوەی سوپای ئیسرائیل لە 17ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا، بەشێک لە گرووپە میلیشیاکانی عێراق، کە خۆیان بە بەرەی موقاوەمە ناساندووە بە مووشەک و درۆن لە ناوخۆی عێراق و خاکی سووریا نزیکەی 200 هێرشیانکردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان، هاوکات چەکدارە حوسییەکانی یەمەنیش لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن هێرشەکانیان بۆ سەر جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان چڕکردووەتەوە بە ناوی پشتیوانیکردنی لە حەماس و خەڵکی کەرتی غەززە.