ماکرۆن بانگهێشتی سەرۆکی جەزائیر بۆ پاریس دەکات

سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ هاوتا جەزائیرییەکەی
سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ هاوتا جەزائیرییەکەی

K24 - هەولێر

ماکرۆن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی جەزائیر باسی لە پەیوەندییە دوو قۆڵیەکان و وادەی سەردانەکەی بۆ پاریس کرد و نیگەرانی خۆی لە پێشهاتەکانی دۆخی فەڵەستین کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی ئاداری 2024، سەرۆکایەتی کۆماری جەزائیر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە عەبدولمەجید تبۆن، سەرۆکی جەزائیر کردووە،و لەو پەیوەندییەدا تیشکیان خستووەتە سەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسەکانی ناوچەیەکان و رەهەندی نێودەوڵەتی و ناگهێشتکردنی سەرۆکی جەزائیر بۆ پاریس.

دەشڵێت: "لە پەیوەندییەکەدا سەرۆکی جەزائیر نیگەرانی قوڵی خۆی لە پێشهاتەکانی دۆخی فەڵەستینی داگیرکراو بە تایبەت لە غەززە دەربڕی. هەروەها هەردوو سەرۆک "تیشکیان خستە سەر ئابووری هاوبەش کە سوودی بۆ هەردوو وڵات هەیە، بەتایبەتی کشتوکاڵ، وزە، زەوییە دەگمەنەکان و پیشەسازی هێڵی ئاسن".

راشیگەیاند، لە کۆتاییدا هەردوو سەرۆک کۆک بوون لەسەر ئەو سەردانە فەرمییەی کە سەرۆکی جەزائیر بۆ فەرەنسا ئەنجامی دەدات.