پشکی هێزەکانی پێشمەرگە لە بودجەی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا بۆ 2025 ئاشکرادەکرێت

هێزەکانی پێشمەرگە
هێزەکانی پێشمەرگە

K24 - هەولێر

ئیدارەی بایدن پێشنیازیکردووە کۆنگرێس بۆ ساڵی 2025، زیاتر لە 849 ملیار دۆلار بۆ بودجەی بەرگریی ئەمەریکا تەرخان بکات. لەو چوارچێوەیەش زیاتر لە 528 ملیۆن دۆلاری بۆ راهێنان و پڕچەککردنی پێشمەرگە، هێزەکانی عێراق و هێزەکانی سووریای دیموکراتە.

ئەمەریکا بەردەوام هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی خۆی دەبینێت، بەردەوام پشتیوانی خۆیشی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دووپات کردووەتەوە و رۆڵیشی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەرز دەنرخێنێت.

رۆژی دووشەممە 11ی ئادار 2024، ئیدارەی بایدن پێشنیازی بودجەی بەرگریی ئەمەریکای بۆ 2025 رەوانەی کۆنگرێس کرد، لەو پێشنیازەشدا بەشە بودجەیەک بۆ راهێنان و پڕچەککردنی هێزەی پێشمەرگە جێگەی کراوەتەوە.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا پێشنیازیکردووە، بۆ ساڵی 2025، 849 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار بۆ بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی تەرخانبکرێت.

لەو بڕە پارەیەش داوا کراوە، 528 ملیۆن 699 هەزار دۆلار بۆ راهێنان و پڕچەککردنی پێشمەرگە، هێزەکانی عێراق و هێزەکانی سووریای دیموکرات پەسەندبکرێت. لەو ژمارەیەش 380 ملیۆن و 758 هەزار دۆلاری بۆ پێشمەرگە و هێزەکانێ عێراق. 147 ملیۆن و 941 هەزار دۆلاریش بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات.

ئەو 380 ملیۆن دۆلارەشی بۆ پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق پێشنیازکراوە، لە چوارچێوەی یەک پاکێجدایە و بەم شێوەیە دابەشکراوە، 257 ملیۆن 58 هەزار دۆلار بۆ راهێنان و پڕچەککردن، 9 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار هاوکاری لۆجستی، 60 ملیۆن دۆلار بۆ مووچە، 4 ملیۆن و 795 هەزار دۆلار نوێکردنەوە و چاککردنەوەی ژێرخان و 49 ملیۆن و 205 هەزار دۆلاریش بۆ وەرشە (واتە چاککردنەوەی چەک، ئۆتۆمبێل و کەرەسەتی دیکە).

هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ پێشمەرگە، هێزەکانی عێراق و هەسەدە لەکاتێکدایە، داعش هێشتا مەترسییە لە ناوچەکە. وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکاش دووپاتیدەکاتەوە، "ئەمەریکا پابەندە بە هاوکاریکردنی پێشمەرگە، هێزەکانی عێراق و هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ لەناوبردنی داعش". ئاشکراشی دەکات، "مەترسی داعش هێشتا ماوە و هەوڵی خۆڕێکخستنەوە دەدات.

بڕیارە پێشنیازەکەی بایدن لە چەند مانگی داهاتوودا لە ئەنجوومەنی پیران و نوێنەرانی ئەمەریکا پەسەند بکرێت، دوای پەسەند کردنیشی بایدن واژۆی دەکات و ساڵی داهاتوو جێبەجێدەکرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە، پێدانی سیستمی بەرگری ئاسمانی بە هێزی پێشمەرگە لە بودجەی بەرگریی ئەمەریکا بۆ 2024 پەسەند کراوە.