مامۆستایەکی ئایینی: زیادەڕەویکردن لە کڕین پێچەوانەی بنەما ئایینییەکانە

دکتۆر جەعفەر گوانی، مامۆستای ئایینی
دکتۆر جەعفەر گوانی، مامۆستای ئایینی

K24 – هەولێر:

لە مانگی رەمەزاندا رۆژووەوانان برسییان دەبێت بەوهۆیەشەوە خواستیان لەسەر بەرهەمە خۆراکییەکان زیاتر دەبێت، ئەمە وایکردووە خواست لەسەر بابەتە خۆراکییەکان زیاتر بێت، بەڵام تێبینی ئەوە دەکرێت بەشێکی زۆر لەو کاڵایانەی دەکڕدرێن زیادەن و دەچنە چوارچێوەی زیادەڕەوی لە کڕیندا، کە ئەوەش دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئابووری خێزانەکان.

بەشێک لە هاووڵاتییان بۆ کڕینی خواردن و پێداویستییەکانی مانگی رەمەزان ئەو مارکێتانە هەڵدەبژێرێت کە داشکان دەکەن، ئەو داشکانەش وادەکات هاووڵاتییان زۆرترین کاڵا و کەلوپەل و خۆراک بکڕن بەبێ ئەوەی هەندێک جار پێویستیان پێی هەبێت.

هیوا حەسەن، خاوەنی مارکێت بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەشێک لە هاووڵاتییان باری داراییان زۆر باشە و دێن پیداویستی خۆراکی زیاد لە پێویستی خۆیان دەکڕن، بەشێک لە هاووڵاتییانیش بەپێی توانای دارایی خۆیان شتومەك دەکڕن و زیادەڕەویی ناکەن.

لەلایەن خۆیەوە، جەعفەر گوانی، مامۆستای ئایینی، بە کوردستان24ـی گوت: یەک لە ئامانجەکانی مانگی رەمەزان ئەوەیە هاووڵاتییان فێرە زیادەڕەویی نەبن، بۆ ئەوەی هەمیشە هەژارانیان لەبیر بێت، هەروەها پێیوستە سنوورێک بۆ خورادنی زۆر دابنرێت و بە گوێرە پێویستی بخورێت تا زیان بە گەدە و لەش نەگات.

ئەو مامۆستاییە ئایینییە گوتیشی: زیادەڕەویکردن لە کڕین پێچەوانەی بنەما ئایینییەکانە. بەپێی هەندێک راپرسی کڕینی کەلووپەل بەپێی پێویستی ، 25%ـی داهاتی مانگانەت بۆ دەگەڕێنێتەوە.