به تۆمهتی هاوكاریكردنی گرووپێكی چەکداری، ئەمهریکا چوار ئێرانی دەخاتە لیستی تیرۆرەوە
K24 – هەولێر:
ئەمهریکا چوار کەس لە ئێران بە تۆمەتی پشتیوانیکردنیی گرووپی چەکداری ئەشتەر دەخاتە لیستی تیرۆرەوە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمهریکا رایگەیاند، بەتۆمەتی هاوکاریکردنی گرووپی چەکداری ئەشتەری سەر بە ئێران بە هەماهەنگی لەگەڵ بەحرەین سزایان خستووەتە سەر چوار کەس لە ئێران.
ئاشکراشی دەکات، کەسایەتییە سزادراوەکان لە گەیاندنی هاوکاری کاریگەر و گواستنەوەی پارە بۆ گرووپی چەکداری ئەشتەر و داڕشتنی پلانی کردەوەی تێرۆرستی لە بەحرەین تێوەگلاون.
گرووپی چەکداری ئەشتەر لە 2018ـەوە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا خراوەتە لیستی تیرۆرەوە، بە تۆمەتی ئەوەی کردەوەی تیرۆرستیی لە بەحرەین ئەنجامداوە.
پێشتریش وەزارەتی گەنجینەی ئەمهریکا بڵاویكردهوه، زیاتر لە 20 کەسایەتی و دامەزراوە بە تۆمەتی ئهنجامدانی ئاسانکاری دارایی بۆ ئێران سزادران.
ئاشکراشی كردبوو، ئەو کەسایەتی و دامەزراوانە ئاسانکاری داراییان بۆ وەزارەتی بەرگری، دەستەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سوپاسی قودس ئێران کردووە.
ههروهها رۆژی(29ـی كانوونی دووهمی 2024) وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاند، بانکی هودای عێراقی تێوەگلاوە لە پارەدارکردنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و سوپای پاسداران و پەیوەندییەکانی ئەو بانکە لە سیستمی دارایی وڵاتەکەی دەپچڕێنێت.
هەروەها رۆژی (22ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی سوپای پاسدارانی و گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، سووریا و لوبنان، سزای بەسەر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فڵای بەغداد سەپاند و هەژمارە بانکییەکانی ئەو کۆمپانیایەی راگرت.