پارتی یەنیدەن رەفا لە هه‌ڵبژاردنی شارەوانییەکان بووه‌ته‌ به‌ربه‌ست بۆ ئاكپارتی

فاتیح ئەربەکان و رەجەب تەیب ئەردۆغان
فاتیح ئەربەکان و رەجەب تەیب ئەردۆغان

K24 – هەولێر:

پارتی یەنیدەن رەفا لە سیاسەتی تورکیا لاپەڕەیەکی نوێی هەڵداوەتەوە و بەتایبەتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەربەستێکی دیاری خستووەتە بەردەم ئاکپارتی.

بنکەی جەماوەری یەنیدەن رەفا و ئاکپارتی زۆر لەیەک نزینکن و تەنانەت وەک یەک وان، بۆیە مەرجەکانی یەنیدەن رەفا و قبوڵنەکرانی لەلایەن ئاکپارتی گرژییەی گەورەی لەناو هاوپەیمانێتی کۆمار دروستکردووە.

تەنیا بەرەی ئۆپۆزیسیۆن نییە، بەرەی دەسەڵاتیش لە تورکیا کە لەلایەن هاوپەیمانیەتی کۆمارەوە سەرکردایەتی دەکرێت کێشەی تێکەوتووە و ئاکپارتی رووبەڕووی کێشەیەکی قوڵ لەگەڵ پارتی یەنیدەن رەفا بووەتەوە.

بەتایبەتی دوای راگەیاندنی کاندیدان، گرژییەکانی هەردوولا زیاتر بوون، بەشێوەیەک، ئێفکان ئالا، بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی رایگەیاند، پارتی یەنیدەن رەفا لەناو هاوپەیمانێتی کۆمار نەماوە.

ئێفکان ئالا گوتی: یەنیدەن رەفا ئەو شارەوانییانەی ویستووە کە دەنگی ئاکپارتی تێیدا زۆر بەرزە بۆیە بەهۆی داواکارییەکان، نەیانتوانیوە لەگەڵ ئەو پارتە رێکبکەون.

ئەو بەرپرسەی ئاکپارتی راشیگەیاند، دەیەوێت بەڕاشکاوانە قسە بکات، بۆیە پارتی یەنیدەن رەفا لەژێر چەتری هاوپەیمانێتی کۆمار نییە.

قسەکانی ئێفکان ئالا دوای ئەوە دێت، رۆژی رابردوو فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی یەنیدەن رەفا رەخنەی لە قسەی سەرکردە باڵاکانی ئاکپارتی گرتبوو. ئێرباکان رایگەیاندبوو، ئاکپارتی هەڕەشە لە دەنگدەران دەکات بۆ ئەوەی دەنگیان پێنەدەن.

دەستپێکی گرژییەکان بۆ ئەو کۆبوونەوانە دەگەڕێتەوە کە هەردوولا لەسەر هەڵبژاردنەکان کردبوویان، بەهۆی داواکارییەکان، ئاکپارتی رەتیکردبووەوە لەسەر هەژماری خۆی شارەوانی بە یەنیدەن رەفا بدات. ئێستا یەنیدەن رەفا لە هەموو پارێزگا و شارۆچکەکان کاندیدی هەیە، ئاکپارتی پێی وایە بەهۆی کاندیدی ئەو پارتە دەنگ لەدەست دەدات.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوانن بەشداری بکەن.

لە ئیستانبوڵ دوو پارتی سیاسی یەکلاکەرەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ـی ئاداری ئەمساڵن، بە پلە یەک پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) و پارتی یەنیدەن رەفا، تا ئێستا پشتگیری ئەو دوو لایەنە بۆ کاندیدانی ئاکپارتی و جەهەپە نیشانەی پرسیاریان دروست دەکرد بەڵام هەردوولا بڕیاریاندا کە لە هەڵبژاردنەکاندا کاندیدی خۆیان هەبێت.

لە ئیستانبوڵ 11 ملیۆن و 350 هەزار و 971 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لایەنە سیاسییەکان جگەلە ئاکپارتی و مەهەپە کە وەک هاوپەیمانی دەسەڵات ناسراون، سەرجەم لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن بەشێوەی سەربەخۆ چوونەتە پێشبڕکێی هەڵبژاردنەوە.

هەڵبژاردنی ساڵی 2019 ئاکپارتی لەگەڵ مەهەپە، هەروەها جەهەپەش لەگەڵ ئیی پارتی بەشدارییان لە کێبڕکێی هەڵبژاردن کردبوو، هەدەپەی ئەوکات لە دەرەوەی هاوپەیمانیەتییەکە پاڵپشتی لە کاندیدەکەی جەهەپە دەکرد. لە ئەنجامدا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کاندیدەکەی جەهەپە لە 31ـی ئاداری ئەو ساڵە، بە جیاوازی 13 هەزار و 729 دەنگ بەسەر بیناڵی یڵدرم، کاندیدی ئاکپارتی سەرکەوت.

بەڵام ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە رەتکرایەوە و لە 24ـی حوزەیرانی هەمان ساڵ ئیمامئۆغڵو بە جیاوازی 806415 دەنگ جارێکی دیکە سەرکەوت. واتە دەنگی جەهەپە و ئیی پارتی و هەدەپەی ئەوکات لەگەڵ دەنگی ئاکپارتی و مەهەپە و هاوپەیمانەکانی لەیەک نزیکن.