هاوسەرۆکی دەم پارتی: سیستمی قەییوم واتە دزی و گەندەڵی

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی

K24 – هەولێر:

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، سیستمی قەییوم گەندەڵیی زیاترکردووە و دوو خولە ئیرادەی خەڵک لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان پێشێلکراوە.

رۆژی سێشەممە (12ـی ئاداری 2024) تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە شارۆچکەی کۆپی پارێزگای موش رایگەیاند، قەییوم واتە دزی و گەندەڵی و لە 31ـی ئادار وەڵامی هەموو قەییومەکان دەدەینەوە.

تونجەر باکرهان گوتیشی: "دوو خولە ئیرادەی خەڵک بەنەبوو دەبینن و قەییومیان بەسەردا دەسەپێنن. قەییوم واتە دزی و گەندەڵی و نارێچکەییە. لە دوو خول، چوار قەییومیان بەسەر ئەو ناوچەیە سەپاندووە. ئەوانیش زانیویانە قەییومەکان چییان کردووە و چییان نەکردووە".

لەبارەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانەوە، باکرهان ئاماژەی بەوەکرد: "لە ئێستاوە دەمەوێ بڵێم، لە هەڵبژاردنی 31ـی ئادار سەرکەوتوو دەبین، لە ئێستاوە خێردار بێت. لە هەڵبژاردنەکان وەڵامی پێویستیان دەدەینەوە و بە دەنگێکی پێوانەیی سەردەکەوین".

لەلایەکی دیکەوە، دەم پارتی کاندیدی خۆی بۆ شارەوانی باتمان لە پارتەکەی دوورخستەوە و رایگەیاند مەهدی ئۆزتوزون کاندیدی ئەوان نییە و ئاماژە بەوە دەکەن، دژی بنەماکانی دەم پارتی کەمپینی کردووە.

مەھدی ئۆزتوزون پێش چه‌ند رۆژێك له‌گه‌ڵ كاندیدی هوداپار سەردار رامانلی سه‌یری یاری باتمان پەترۆل سپۆری كردبوو و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ بووه‌وه‌ ،تا ئێستاش ئۆزتوزون  به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی پاشه‌كشه‌ی له‌ كاندیدبوونی بۆ هه‌ڵبژاردن نه‌كردووه‌.