لۆپان: بە ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی ئەتۆمی

مارین لۆپان، سەرۆکی پەرلەمانی فەرەنسا
مارین لۆپان، سەرۆکی پەرلەمانی فەرەنسا

K24 - هەولێر

سەرۆکی  پەرلەمانی پارتی "گردبوونەوەی نیشتمانی" لە فەرەنسا رایگەیاند، ئەگەر ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە ناتۆ، دەبێتە سەرهەڵدانی شەڕ لەنێوان زلهێزەکان.

مارین لۆپان، سەرۆکی  پەرلەمانی پارتی "گردبوونەوەی نیشتمانی" لە فەرەنسا، هۆشداریدا لەوەی گەر بێت و ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە ناتۆ دەبێتە هۆی هەڕەشە لە سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی لەنێوان زلهێزە ئەتۆمییەکان.

لۆپان جەختی لەوە کردەوە کە بە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا بۆ پەیوەستبوون بە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا، وڵاتانی رۆژئاوا بە شێوەیەکی جددی سیاسەتی کشتوکاڵی و ئاسایشی ئەوروپا تێکدەدەن.

دەشڵێت: "بە ئەندامبونی ئۆکرانیا بە ناتۆ لەڕاستیدا دەبێتە هۆی دۆخێکی هەمیشەیی شەڕ لەسەر سنوورەکانی هەردوو وڵات لەگەڵ مەترسی پەرەسەندنی بۆ ململانێیەکی جیهانی بە بەشداریکردنی زلهێزە ئەتۆمییەکان و رووسیا و ناتۆ.

دیمیتری پۆلیانسکی جێگری یەکەمی نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی کردەوە، ژمارەیەک سیاسەتمەدار نابەرپرسی ئەوروپا دەیانەوێت ململانێی ئۆکرانیا پەرەپێبدەن و بۆ ئاستێکی نوێ بەرزبکەنەوە، بەو پێیەی چیتر ململانێیەکە راستەوخۆ لەگەڵ ئۆکرانییا نییە، بەڵکو ململانێیەکی راستەوخۆی نێوان رووسیایە و ناتۆ.

سێرگی تسیکۆڤ، سیناتۆر لە کۆماری کریمەی رووسیا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانج و ئەرکی سەرەکی ناتۆ بەرگری نییە، بەڵکو لاوازکردنی رووسیا و پارچەپارچەکردنییەتی، بەڵام پڕۆسەی کۆتاییهاتنی ناتۆ "حەتمییە".