لێکۆڵینەوەیەک: لە عێراق مافی ژنان پێشێل دەکرێت و توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت

عێراق لە ریزبەندی پێشەوەی ئە وڵاتەنایە کە مافەکانی ژنان پێشێلدەکات
عێراق لە ریزبەندی پێشەوەی ئە وڵاتەنایە کە مافەکانی ژنان پێشێلدەکات

K24 - هەولێر

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەک، عێراق لە ریزبەندی پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە کە بە شێوەیەکی خراپ مامەڵە لەگەڵ دۆخی ژناندا دەکەن. بەهێزبوونی گرووپەکانی دژی دیموکراسی و هێزە نافەرمییە سەربازییەکان بە گرنگترین هۆکاری پێشێلکارییەکان لە عێراق دادەنرێن.

پەیمانگەی جۆرج تاون بۆ ژنان و ئاشتی و ئاسایش، چوارەمین لێکۆڵینەوەی کە لە 177 وڵاتدا کردووە، بڵاوکردەوە. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ژنان و رۆڵیان لە بەدیهێنانی ئاشتی و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی و گەشەپێدان و، بەهێزکردنی پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە وڵاتەکانیان کراوە.

 بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە یەکێک لە خراپترین ناوچەکانی جیهان دادەندرێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ژنان. لە لیستەکەدا ناوی عێراق لە پلەی 168 دێت، واتە لە ریزی هەرە خراپترین وڵاتەکاندایە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و، پێشێلکردنی مافەکانی ژنان بە تایبەت.

بەرزبوونەوەی ئاستی پێشێلکارییەکان لە عێراق دەگەڕێندرێتەوە بۆ بەهێزبوونی هێزە سەربازییە نافەرمییەکان و گرووپەکانی دژە پرۆسەی دیموکراسی، کە بوونەتە هەڕەشە لەسەر دۆخی ژنان. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، ئەو هێزانە هەڕەشە لە پێشکەوتنەکانی ئەم دەیان ساڵە دەکەن کە بۆ چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ وەدیهێندراون.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکەی پەیمانگەی جۆرج تاون بۆ ژنان و ئاشتی و ئاسایش، لەو وڵاتانەی کە لە لیستەکەدا لە ریزبەندی خراپترین وڵات پۆڵێنکراون، لە هەر پێنج ژن، ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە رووبەڕوی توندوتیژی خێزانی دەبێتەوە، هەروەها لە هەر 10 ژن، شەشیان روبەڕووی قەیرانەکانی ژیانکردن و هەژاری دەبنەوە و، لە تێکڕای 100 هەزار لەدایکبووندا، 540 دایک بەهۆی کەمتەرخەمی رێکارەکانی تەندروستییەوە، گیان لەدەستدەدەن.