بۆ یەکەم جار نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتییە مرۆییەکان دەگەیێنێتە باکووری غەززە

K24 - هەولێر

ماڵپەڕی "واینت" لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگای "دەروازەی 96" کە سوپای ئیسرائیل دایمەزراندووە، خۆراکی پێویستی بۆ 25 هەزار کەس گواستووەتەوە بۆ باکووری کەرتی غەززە.

ماڵپەڕی "واینت" بڵاویکردووەتەوە، "شەش بارهەڵگر کە یارمەتییە مرۆییەکانیان هەڵگرتبوو، لە رێگای دەروازەی 96، لە نزیک کیبوتس چوونەتە باکووری کەرتی غەززەوە".

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "یارمەتییەکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هێنراون، کە رێڕەوێکی وشکانی نوێیە بە درێژایی ئەو سیاجەی کە سوپای ئیسرائیل دروستی کردووە بۆ گەیاندنی خۆراک بۆ باکووری غەززە".

ئاژانسی جیهانی خۆراک راشیگەیاند، "خۆراکی پێویست بۆ نزیکەی 25 هەزار کەس گواستراوەتەوە بۆ غەززە".

ئەمەش لە کاتێکدایە کە سوپای ئەمەریکا خۆی ئامادە دەکات بۆ دروستکردنی رێگایەکی دەریایی لە کەنارەکانی غەززە، هەروەها پێنج کەشتی بۆ ئەو مەبەستە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕۆن.