سەدا 25ـی دانیشتووانی غه‌ززه‌ خۆراكی پێویستیان ده‌ستناكه‌وێت

بەشێک لە منداڵانی غەززە هەوڵی بەدەستهێنانی خواردن دەدەن (وێنە: AFP)
بەشێک لە منداڵانی غەززە هەوڵی بەدەستهێنانی خواردن دەدەن (وێنە: AFP)

K24 - هەولێر

مانگی رەمەزان دەستیپێکردووە و تا ئێستاش نزیکەی سەدا 25ـی خەڵكی کەرتی غەززە بەدەست نەبوونی خۆراکەوە دەناڵێنن.

لە ڕێگەی وشکانی، ئاسمانی و ئاوی؛ هاوکاری مرۆیی دەگەیەندرێتە کەرتی غەززە، بەڵام تا ئێستا پێداویستی دانیشتووانی ئەو کەرتەی پڕنەکردووەتەوە. کەشتی ئۆپن ئارمزی خێرخوازی ئیسپانی یەکەمین کەشتییە لە قوبرسەوە بەرەو کەرتی غەززە بەڕێکەوتووە تا هاوکاریی مرۆیی بگەینێتە خەڵكی ئەو کەرتە.

ئەو کەشتییە  200 تۆن خۆراکی بار کردووە و بارەکەی پێکدێت لە ئارد و برنج و پرۆتین، هەڵمەتی هاوکارییەکە لەلایەن ئیماڕات پارەدارکراوە و لەلایەن رێکخراوی وۆڕڵد سێنتڕاڵ کیتچن رێکخراوە.

هەروەها ئەمەریکا رایگەیاند، لە ماوەی دوو مانگدا لەسەر ئاو بەندەرێکی کاتی لە نزیک کەناراوەکانی کەرتی غەززە بنیات دەنێت، تا قەبارەی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە زیاتربن، دوای ئەوەی بەندەرەکە ئامادەکرا دەتوانێت رۆژانە دوو ملیۆن ژەمە خۆراک بنێرێتە کەرتی غەززە.

لەبارەی گەیاندنی هاوکارییەکان لە ڕێگەی ئاسمانییەوە، بەگوێرەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا لە دووی ئادارەوە تەنیا ئەمەریکا بەهاوبەشی لەگەڵ هێزی ئاسمانی شاهانەی ئوردن 168 هەزار ژەمە خۆراک و 52 هەزار و 500 بوتڵ ئاویان بۆ سەر باکووری کەرتی غەززە هەڵداوەتە خوارەوە.

لە ڕێگەوی وشکانییەوەش بەگوێرەی حکومەتی ئیسرائیل، لە سەرەتای جەنگی ئیسرائیل و حەماس تا کۆتایی شوباتی ئەمساڵ، 13 هەزار و 834 بار‌هەڵگر هاوکاری مرۆیی گەیەندراونەتە کەرتی غەززە.

وێڕای ئەوەش خەڵکی غەززە بەدەست کەمئاوی و کەمخۆراکی دەناڵێنن، نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریداوە، لەکۆی دوو ملیۆن و 300 هەزار دانیشتووی کەرتی غەززە بەلایەنی کەم 576 هەزار کەس واتا سەدا 25ـی دانیشتووانی ئەو کەرتە بەهۆی نەبوونی ئاسایشی خۆراک رووبەرووی دۆخێکی کارەساتبار بوونەتەوە.