سوودان.. زیاتر لە 200 هەزار منداڵ و ئافرەت بەهۆی برسێتییەوە هەڕەشەی مردنیان لەسەرە

K24 - هەولێر

رێکخراوی "رزگارکردنی منداڵان" هۆشداریدا و رایگەیاند، نزیکەی 230 هەزار منداڵ و ئافرەت کە دووگیانن یان تازە منداڵیان بووە، بەهۆی برسێتیەوە هەڕەشەی مردنیان لەسەرە لە سوودان، ئەمەش بەهۆی ئەو شەڕەیە کە نزیکەی ساڵێکە لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا  بەردەوامە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-3-2024، بەڕێوەبەری ناوخۆیی رێکخراوی "رزگارکردنی منداڵان" عارف نور لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەپێی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە شەڕەکەی سوودان بە هەزاران کەس کوژراون و هەشت ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون، هەروەها سوودانیان خستووەتە خراپترین دۆخی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا.

بەگوێرەی ئاماری ئەو رێکخراوە ناحکومییە، زیاتر لە دوو ملیۆن و 900 هەزار منداڵ بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن، هەروەها 729 هەزار منداڵی دیکە کە تەمەنیان لە خوار پێنج ساڵیەوەیە، تووشی بەدخۆراکی توند دەبن کە مەترسیدارترین جۆری برسێتییە.

لە سەرەتای مانگی ئاداری 2024، بەرنامەی خۆراکی جیهانی هۆشداریدا لەوەی کە شەڕی بەردەوامی سوودان "رەنگە گەورەترین قەیرانی برسێتی لە جیهاندا دروست بکات" لە وڵاتێکدا کە لە ئێستاوە گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوونی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تێدایە، هەروەها لەناوبردنی ژێرخانی ئابووری، دەستدرێژی، تاڵانکردن، ئاوارەبوونی زۆرەملێ، و سووتاندنی گوندەکان کارێکی رۆژانەن کە کاریگەرییان لەسەر 48 ملیۆن سوودانی هەیە.

نور ئاماژەی بەوەشکرد، "نەبوونی وەرزی کشتوکاڵی ساڵی رابردوو بەو مانایەیە کە ئەمڕۆ خۆراک نییە، هەروەها نەچاندنی تۆو لەمڕۆدا بەو مانایەیە کە سبەی خۆراک نییە".

جەختیشی لەوە کردەوە کە "برسێتی بەردەوام زیاتر دەبێت، هیچ رێگەیەکی دەربازبوون لەبەرچاو نەماوە، بەڵکو نەهامەتی زیاتربووە"، لە کاتێکدا زیاتر لە نیوەی سوودانییەکان کە 14 ملیۆن منداڵی تێدایە، لە ئێستادا پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە بۆ ئەوەی بتوانن بژین.