فەرەنسا لەبارەی مانگی رەمەزان هۆشداریی دەدات

جوین حەجام بەرگریكاری جەزائیری وەرزی رابردووی یانەی نانتی فەرەنسا و یاریزانی ئێستای یەنگ بۆیزی سویسرا
جوین حەجام بەرگریكاری جەزائیری وەرزی رابردووی یانەی نانتی فەرەنسا و یاریزانی ئێستای یەنگ بۆیزی سویسرا

فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا ڕەتی كردەوە لە كاتی یارییەكانی خولی نێوخۆیی وڵاتەكەی رێگە بە ناوبژیوانان بدات یارییەكان لەبەرخاتری رۆژووشكاندنی یاریزانە موسڵمانەكان بوەستێت بە پێچەوانەی وڵاتانی ئەڵمانیا و بەریتانیا.

بەگوێرەی ماڵپەڕی RMCـی فەرەنسی، فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا ڕۆژی سێشەممە ئاگادارییەکی بۆ یانەکان و لیژنەی ناوبژیوانان و ڕێکخەرانی یارییەکان ناردووە كە تێیدا جەخت لەوە كراوەتەوە ڕێگە بە پشوودان و راگرتنی یارییەكان نادرێت لە كاتی مانگی رەمەزاندا.
ئەم بڕیارەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەڕەنسا جاری یەكەم نییە، ساڵی ڕابردووش بە ئیمەیلێك لێژنەی ناوبژیوانانیان ئاگادار كردەوە كە نابێت رێگە بە رۆژووشكاندنی یاریزانان بدرێت بۆ ئەوەی بڕێك ئاو یان هەندێك خواردن بخۆن.
سەرچاوە فەرنسیەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە بڕیارەکەی ساڵی ڕابردوو، مشتومڕێکی بەرفراوانی لە وڵاتەکەی دروست كردووە بەڵام بۆ ئەمساڵیش هەمان بڕیاریان دووبارە كردەوە و یاریزانە موسڵمانەكانیان لە شكاندنی رۆژووەكان بێبەش كرد.
 ئێریک بۆرگینی سەرۆکی ئەنجوومەنی لیگ وەنی فەرەنسا لە لێدوانێكدا بۆ پێگەی "لی پاریسیان" رایگەیاند هەر داواكارییەكمان بۆ راگرتنی یارییەكان بۆ رۆژووشكاندن پێبگات بەتوندی ڕەتی دەكەینەوە، دەشڵێت: ئەم بابەتە لای ئێمە كۆتایی هاتووە، پێویستە خۆمان لە قسە و مشتومڕی بێسوود بپارێزین.
 بە گوێرەی ماددەی 1.1 لە پەیڕەوی یاسایەكانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا هاتووە كە لە كاتی هەر خول و پاڵەوانێتییەكی وەرزشی كە لەسەر خاكی فەرەنسا بەڕێوەبچێت، رێگە بە هیچ نماییشێكی سیاسی، ئایدۆلۆژی، ئایینی یان هیچ جۆرە وتارێك و  جلوبەرگ و هیچ كاردانەوەیەك نادات، لە نێویاندا رۆژووگرتنیش وەكو نماییشی ئایینی حیسابی بۆ كراوە و لە ریزی قەدەغەكراوەكانە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، دوو یاریزانی بە ڕەسەن جەزائیری جوین حەجام و فارس شایبی) وەرزی رابردوو بەهۆی ئەو بڕیارانەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا، یانەكانی نانت و تۆڵۆزی فەرەنسییان جێهێشتووە و پەیوەندی بە یانەی یەنگ بۆیز و ئینتراخت فرانكفۆرت كردووە، تەنانەت سەید هامۆڵیچی هێرشبەری بۆسنەش بە هەمان هۆكار یانەی تۆڵۆزی فەرەنسی جێهێشتووە.
ئەمەش لە كاتێكدایە لە ئینگڵتەرا و ئەڵمانیا دەرفەت بە یاریزانە موسڵمانەكان دەدرێت بۆ رۆژووشكاندن و پشوودان خولەكێك یارییەكان بوەستێت.

5 یاریزانە موسڵمانی یانەی تۆڵۆزی فەرەنسا  وەرزی 2022 ـ 2023
5 یاریزانە موسڵمانی یانەی تۆڵۆزی فەرەنسا وەرزی 2022 ـ 2023