مالیکی بە نهێنی داوا لە سەدر دەکات بگەڕێتەوە ناو پڕۆسەی سیاسی

K24 - هەولێر

چەند سەرچاوەیەکی شیعە لە عێراق رایانگەیاند، نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، لەرێگەی نێوەندگیرە نهێنییەکان نامەیەکی بۆ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر ناردووە بۆ ئەوەی لێکتێگەیشتنیان هەبێت لەسەر گەڕانەوەی بۆ ناو پرۆسەی سیاسی لەرێگەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

سەرچاوەکان دەڵێن: "مالیکی دەستپێشخەری کردووە لە پەیوەندیکردن بە ڕەوتی سەدر، هەروەها لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا لەگەڵ ئەو کەسایەتییانەی کە پەیوەندیان بە سەدرەوە هەیە کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی دیدگای خۆی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان و ئەو هەموارکردنانە روون بکاتەوە کە ئەو بەنیازە هەمواریان بکاتەوە".

بەگوێرەی سەرچاوەکان، مالیکی تاکە لایەنی شیعە نییە کە هەوڵی پەیوەندی لەگەڵ سەدر دەدات، بەڵکو سەرکردەکانی وەک عەمار حەکیم و هادی عامری داوایان لێکردووە "پلانەکان سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ پرۆسەی سیاسی بزانن".

یەکێک لەو سەرچاوانە بە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەتی" راگەیاندووە، "تا ئێستا نێوەندگیرەکان پەیامەکان لە نێوان چوارچێوە و رەوتی سەدر ئاڵوگۆڕ دەکەن، سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، گوتیشی: ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە بۆچوونەکانی مالیکی و سەدر سەبارەت بە هەموارکردنە پێشنیار کراوەکان تاڕادەیەکی زۆر لەیەک دەچن.

سەرچاوەیەک لە رەوتی سەدر رایگەیاند، "مالیکی دڵنیایە لەوەی سەدر بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەکات، هەروەها ئاماژەی بەنێوەندگیرەکان کردووە کە ئامادەیە لەگەڵ سەدرییەکان بگەنە لێکتێگەیشتن لەسەر باشترین یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردن کەخزمەت بە گەڕانەوەیەکی بەهێز دەکات بۆ سەدر".

ئەو سەرچاوانە پشتڕاستیان کردەوە کە "مالیکی هێشتا هیچ وەڵامێکی راشکاوانە و راستەوخۆی لەلایەن سەدرەوە وەرنەگرتووە".، بەڵام نێوەندگیرییەکان دەڵێن، رەنگە هەموارکردنە پێشنیارکراوە قبوڵکراو بن.