ئاراس سەڵاح: رۆژانە لە دهۆک هەزار فەرمانبەر لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار دەکرێن

ئاراس سەڵاح، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من لە پارێزگای دهۆک
ئاراس سەڵاح، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من لە پارێزگای دهۆک

K24 – هەولێر:

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە فراوانکردنی پڕۆژەی هەژماری من و ئێستا لە حەوت شاری هەرێمی کوردستان دەست بە تۆمارکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من کراوە.

پێنج بانکی گەورە لە پڕۆژەکەدا بەشدارن و بڕیارە چەند بانکێکی دیکەش پەیوەندی بەو پڕۆژەیەوە بکەن کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 240 هەزار مووچەخۆر لە پرۆژەکەدا تۆمارکراون و زیاتر لە 120 هەزار کەسیش کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، ئاراس سەڵاح، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من لە پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، ماوەی سێ هەفتەیە دەست بە تۆمارکردنی مووچەخۆران لە پرۆژەی هەژماری من لە دهۆک کراوە و تیمەکانیان لەگەڵ سەرجەم دامودەزگاکانی حکومی لە ناوچەکە لە هەماهەنگیدان.

ئاراس سەڵاح گوتیشی، فەرمانبەران بەشێوەیەکی فراوان و جۆشوخرۆشەوە پێشوازی لە بەشداریکردن لە پرۆژەی هەژماری من دەکەن و زۆر هاوکارن لەگەڵ تیمەکانیان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو.

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من لە پارێزگای دهۆک جەختیکردەوە، پرۆسەکە زۆر بەخێرایی بەڕێوەدەچێت و لە ماوەی ئەو سێ هەفتەیەدا زیاتر لە 13 هەزار فەرمانبەر لە دهۆک و دەوروبەری لە پرۆژەی هەژماری من تۆمارکراون و رۆژانە نزیکەی هەزار فەرمانبەر لەو پرۆسەیەدا، هەژماری بانکییان بۆ دەکرێتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئاراس سەڵاح ئاشکرایکرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا پرۆسەی تۆمارکردنی فەرمانبەران لە پرۆژەی هەژماری من دەگاتە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و قەزای ئامێدی و دواتریش لە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی سنووری پارێزگای دهۆک ئەو پرۆسەیە بەڕێوەدەچێت.

هەژماری من دەستپێشخەرییەکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی پارەدان بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینی حکومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان کە ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە، کارایی حکومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات.

بەهۆی دەستپێشخەریی "هەژماری من"ـه‌وه‌ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان، بە شێوەیەکی پارێزراو و شەفاف و گونجاو لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری راکێشانی پارەوە (ATM) کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات.

پرۆژەی "هەژماری من" پرۆژەیەکی بانکیی نوێخوازانەیە، سیستەمی دابینکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکانە لە ڕێگەی پشبەستن بە هەژمارە بانکییەکان؛ چاوەڕێش دەکرێت لە ماوەی ئاییندەدا، پرۆسەکە هەنگاوی گەورەتر بهاوێت و وەرچەرخان لە بزاوتی ئابووریی کوردستاندا بێنێتە کایەوە.