کاریگەرییەکانی بەڕۆژووبوون لەسەر ئەو کەسانەی برینی گەدەیان هەیە

برینی گەدە
برینی گەدە

K24 – هەولێر:

کەسانی تووشبوو بە برینی گەدە، ئەگەر لەکاتی بەرۆژووبووندا هەندێک شت لەبەر چاو نەگرن و پارێزی لە هەندێک جۆرە خواردن و خواردنەوە نەکەن ئازارەکانیان زیاتر دەبێت، پزیشکانیش دەڵێن: ئەوانەی برینی گەدەیان هەیە، دەبێت دوورکەوتنەوە لەو خۆراکانەی کە بەهارات و بیبەری تیژی تێدایە.

زۆرێک لە پسپۆڕانی خۆراک پێیان وایە زۆرخواردن لە ژەمەکانی بەربانگ و پارشێودا رەنگە ئازار و کێشەکانی گەدە بۆ ئەو کەسانەی کە برینی گەدەیان هەیە زیاتر بکات، چونکە بڕێکی زۆر خۆراک دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ترشەڵۆکی گەدە.

هەروەها پزیشکان ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکەن کە دوورکەونەوە لە خواردنە سورکراوەکان، چونکە ترشەڵۆکی گەدە زیاتر دەکەن و پرۆسەی هەرس خاو دەکەنەوە.

هەروەها شارەزایانی بواری خۆراک جەخت لەسەر پێویستی خۆبەدوورگرتن لە خۆراک بەلایەنی کەمەوە دوو کاتژمێر پێش خەوتن بۆ ئەو کەسانە دەکەنەوە کە بەدەست برینی گەدە و کێشەی کۆئەندامی هەرسەوە دەناڵێنن.

لە ماوەی بەربانگ و پارشێودا پزیشکان رێنمایی ئەو کەسانە دەکەن برینی گەدەیان هەیە بڕێکی زۆر ئاو بە یەکجار نەخۆنەوە چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی تێکچوونی گەدە، بۆیە دەبێت ئەو بڕە ئاوە بە درێژایی رۆژ دابەش بکرێت.

بابەتێکی گرنگ کە شارەزایانی بواری خۆراکیش گرنگی پێدەدەن بۆ ئەوانەی برینی گەدەیان هەیە، دوورکەوتنەوە لەو خۆراکانەی کە بەهارات و بیبەری تیژی تێدایە، کە دەبنە هۆی هەوکردنی دیواری گەدە و ریخۆڵەکان.

هەروەها ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکرێت کە کێشەی برینی گەدەیان هەیە دووربکەونەوە لە خواردنە خێراکان و خواردنەوە گازییەکان و خواردنەوەکان کە رێژەیەکی بەرزی کافاینیان تێدایە وەکو قاوە، هەروەها دوربکەونەوە لە جگەرەکێشان کە ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دەرکەوتن و گەشەکردنی برینی گەدە.