ئەمەریکا و ئێران بە نهێنی لەبارەی راگرتنی هێرشی حوسییەکان دانووستانیان کردووە

چەکدارانی حوسیی یەمەن
چەکدارانی حوسیی یەمەن

K24 - هەولێر

رۆژنامەی فایننشاڵ تایمز لە راپۆرتێکدا بەڕێوەچوونی گەڕێکی دانووستانی نهێنی ئەمەریکا و ئێرانی ئاشكراکردووە، کە لە بارەی راگرتنی هێرشی چەکدارە حوسییەکانی یەمەن لە دەریای سوور گفتوگۆیان کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانووستانەکانی عوممان بە فایننشاڵ تایمزی راگەیاندووە، دانووستانە نهێنییەکەی ئەمەریکا و ئێران مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ بە ناڕاستەوخۆو بە نێوەندگیری سەڵتەنەی عومان بەڕێوەچووە، کە برێت مەکگۆرک رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا و ئەبرام پێڵی، یاریدەدەری نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ دۆسیەی ئێران لەگەڵ عەلی باقر کەنی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە و بەرپرسی شاندی دانووستانکاری ئێران لە دانووستانە ئەتۆمییەکان لە عوممان بە ناڕاستەوخۆو دانووستانیان کردووەو پەیامەکانی هەردوو شاند لە رێگەی بەرپرسانی عوممان گەیەندراوە بە یەکتری.

بەرپرسە ئەمەریکییەکان بە نێوەندگیرە عوممانییەکانیان راگەیاندووە هەوڵەکانی ئێران گرنگە بۆ رێگری لە فراوانبوونی شەڕو ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بەو پێیەی لە ناوچەکە کاریگەریان هەیە، بەڵام بەرپرسە ئێرانییەکان رەتیانکردووەتەوە، هیچ کاریگەرییەکیان بە سەر گرووپە میلیشیاکانی ناوچەکە هەبێت.

هەروەها بەرپرسێکی ئێرانی، کە ناوی بڵاونەکراوەتەوە بەو رۆژنامەیەی راگەیاندووە، وڵاتەکەی ناتوانێت هیچ بڕیار و فەرمانێک بە سەر حوسییەکان بسەپێنێت، بەڵام دەتوانێت دانووستانیان لەگەڵدا بکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی فایننشاڵ تایمز ئاشکرایکردووە، بڕیاربووە گەڕی دووەمی دانووستانەکان لە نێوان ئەبرام پێڵی و عەلی باقر کەنی مانگی شوباتی رابردوو لە عوممان بەڕێوەبچێت، بەڵام ئێران ئامادە نەبووە و دانووستانەکانی دواخستووە بەهۆکاری ئەوەی پێڵی لە دانووستانەکانی ئاگربەستی ئیسرائیل و حەماس بەشداربووە.

لە دوای هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە (17ی ئۆکتۆبەری 2023) گرووپە میلیشیاکانی عێراق هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق سووریا چڕکردەوە، لە دەریای سووریش چەکدارە حوسییەکانی یەمەن هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان دەستپێکرد، وەک کاردانەوەیەک دژ بە هێرشەکانی سەر غەززە، بەڵام دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر گرووپە میلیشیاکانی عێراق لە سنووری سووریا و ناو خاکی عێراق، دواتریش سەردانی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ بەغدا لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو، هێرشی گرووپە میلیشیاکانی عێراق بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا راگیران، بەڵام حوسییەکان لە هێرشەکانیان بەردەوامن.