لەسەر گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە کەرتی غەززە راگەیەندراوێکی هاوبەش بڵاوکرایەوە

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەمەریکا، قوبرس، ئیمارات، بەریتانیا، قەتەر و یەکێتی ئەوروپا راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و جەختیان کردەوە، کە هیچ بەدیلێک بۆ رێگای وشکانی لە رێگەی میسر و ئوردن و خاڵەکانی هاتنە ژوورەوە لە ئیسرائیلەوە بۆ غەززە نییە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بەشێوەیەکی فراوان.

لە راگەیەندراوەکەدا کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە تێیدا هاتووە، کردنەوەی بەندەری "ئەسدود" بەڕووی هاوکارییە مرۆییەکاندا، تەواوکەرێکی گرنگە بۆ ڕێڕەوی دەریایی کە کاری لەسەر دەکرێت بۆ دامەزراندنی.

ئاماژەی بەوەشکراوە، بەرپرسانی باڵا باس لە ئەگەری دامەزراندنی سندوقێکی هاوبەش دەکەن بۆ پاڵپشتیکردنی رێگای دەریایی بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە و هەروەها بەردەوامبوونی هەماهەنگی بۆ هاوکارییە ماددی و داراییەکان.

روونیشیکراوەتەوە، رێڕەوی دەریایی دەتوانێت و پێویستە بەشێک بێت لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ زیادکردنی رۆیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان و کاڵا بازرگانییەکان بۆ غەززە، لەوانەش زیادکردنی رێڕەوی وشکانی و بەردەوامبوونی دابەزاندنی هاوکارییەکان لە رێگەی فڕۆکەوە.

لە بەیاننامەکەدا جەخت لەسەر پێویستی کردنەوەی دەروازەی زیادەی ئیسرائیل کرداوەتەوە بۆ گەیاندنی هاوکاری زیاتر بۆ غەززە، لەنێویاندا باکووری کەرتی غەززە.