بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەساردی پێشوازی لە جەژنی نەورۆز دەکرێت

گرانی بازاڕ تەنگی بە خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵچنیوە

K24 - هەولیر

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵی نوێ و جەژنی نەورۆزدا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان نرخی هەموو کەلوپەلێک 30% بەرز بووەتەوە و لە بەرانبەریشدا هاووڵاتیان وەک ساڵانی رابردوو ناتوانن پێداویستییەکانی مانگی رەمەزان و جەژنی نەورۆز بکڕن.

قەیرانی دارایی و گرانی نرخی کەلوپەل لە بازاڕەکانی ئێران دەبێتە مانشێتی سەرەکی رۆژنامەو میدیا ناوخۆییەکانی ئێران و باس لەوە دەکەن ئەم ساڵ زۆربەی هاووڵاتییان بۆ نەورۆز جلوبەرگی نوێیان نەکڕیوە و ئەو پارەیەی هەیانە بۆ کڕینی خواردەمەنیی پێویست بۆ مانگی رەمەزان تەرخان دەکەن، نەک خەرجییەکی دیکە.

رۆژنامەی ئیعتماد لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی"مانگی رەمەزان لە کاتێکدا هات، کە نرخی پێداویستیی و خواردەمەنییەکان بۆ بەربانگ بەراورد بە رەمەزانی ساڵی رابردوو چەند هێندە زیادیان کردووە".

هەروەها رۆژنامەی ئیتلاعات نووسیویەتی"ساڵانی رابردوو مانگێک بەر لە جەژنی نەورۆز بازاڕەکانی شیرنەمەنی جمەیان دەهات، بەڵام ئەمساڵ بە پێچەوانەوە، بەهۆی هەڵاوسان و بەرزی نرخەوە کڕیارانی شیرنەمەنی بە جۆرێک کەمبووەتەوە، کە خواست لە 40 کیلۆگرامەوە بۆ پێنج تاوەکوو 10 کیلۆ کەمبووەتەوە.

نزیکەی هەفتەیەک ماوە بۆ جەژنی نەورۆز لە بازاڕەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کورستان هەموو کەلوپەلێک زۆرە و کڕیار کەمە، ساڵان ئەم کاتانە بازاڕ لە پێشوازیی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردیدا جمەی دەهات و هاووڵاتییان سەرقاڵی کڕینی پێداویستییەکانی نەورۆز بوون، بەڵام ئەمساڵ نەورۆز کەوتووەتە ناو مانگی رەمەزان و بازاڕیش ئەو گەرموگوڕییەی ساڵانی نەماوە.

خاوەن دوکانێک دەڵێت: "ساڵانی رابردوو هاووڵاتییان مانگێک بەر لە جەژنی نەورۆزەوە دەستیان بە کڕینی پێداویستییەکانیان دەکرد، لەم ماوەیە بە تایبەت بازاڕ کز بووە و خواست بەجۆرێک کەمبووەتەوە، کە شایەنی باسکردن نییە"

هاووڵاتییەکیش دەڵێت: "بە رۆژانە خەڵکی کەمتر دێنە دەرەوە، بازاڕەکان خنکاوە و کارو کەسابەتێکی ئەوتۆ نییە، بەم رەمەزانە خەڵکی زیاتر ئێوارەکان دێنە دەرەوە، بەڵام ئومێدەوارم بازاڕ ببوژێتەوە"

راگەیاندنەکانی ئێران ئاماژەیاندوە لە دوو هەفتە لەمەوبەرەوە نرخی هەموو کەلوپەلەکانی ناو بازاڕ لە نێوان25 تا 35% بەرزبووەتەوە. ئەمەش وایکردووە کڕینی خۆراکە تایبەتەکانی مانگی رەمەزان و جەژنی نەورۆز وەک خورما، شیرینی، بامیە و چەرەزات بە رێژەیەکی بەرچاو کەم بێتەوە. تەنانەت بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیان بڕیاریانداوە بە پێچەوانەی نەریتی باو ئەم ساڵ بۆ نەورۆز جلوبەرگی نوێ نەکڕن و ئەو پارەیەی هەیانە لە کڕینی خواردەمەنی خەرجی بکەن.

هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت: "هاووڵاتییان بە درێژایی رۆژ لە ماڵەوەن و نایەنە دەرەوە، مەگەر دەمەو ئێواران نەبێت، چونکە کەس پارەی پێ نییە بۆ ئەوەی پێویستییەک بکڕێ، تەنیا هەندێک کەسی دەوڵەمەند هەن دەتوانن بە ئارەزوی خۆیان خۆراک و پێداویستییەکان بکڕن، ئەگەرنا بە گشتی خەڵکی پارەی پێ نییە".

پشووی قوتابخانەکان لە بەرەبەری نەورۆزدا زیاتر لە بیست رۆژە و ئەمەش دەرفەتێک بۆ بنەماڵەکان دەخوڵقێنێ بۆ ئەوەی لە نەورۆزدا بەرەو ناوچە گەشتیارییەکانی ئێران گەست بکەن، بەڵام ئەمساڵ بە هۆی مانگی رەمەزان و دۆخی خراپی ئابووریی هاووڵاتیانەوە، چاوەڕێ دەکرێ گەشتەکانی نەورۆزیش زۆر کەمتر لە ساڵانی پێشوو بێت.