واشنتن: هیچ ئاماژەیەک نابینین رووسیا چەکی ئەتۆمی بەکار بهێنێت

K24 – هەولێر

ئەمەریکا پشتڕاستیکردەوە کە هیچ ئاماژەیەک نییە رووسیا بتوانێت بە چەکی ئەتۆمی لە ئۆکرانیا بدات، ئەمەش دوای ئەوەی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا ئامادەیی خۆی بۆ جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی ڕاگەیاند ئەگەر سەروەری مۆسکۆ بکەوێتە مەترسییەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووسان سەبارەت بە لێدوانەکانی پوتن، کارین جان پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: "هیچ هۆکارێکمان نەبینیوە بۆ ئەوەی دەستکاری دۆخی ئەتۆمیمان بکەین، هەروەها هیچ ئاماژەیەکمان نەبینیوە کە رووسیا خۆی ئامادە بکات بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ئۆکرانیا".

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، بەرپرسێکی ئەمەریکی، پێشتر رایگەیاندبوو، هەڕەشە ئەتۆمییە نوێیەکانی پوتن هیچ گۆڕانکارییەکی لە دۆخی ئەتۆمی ئەمەریکادا نەکردووە.

چەند رۆژێک لەمەوبەر پوتن رایگەیاند، رووسیا لە رووی تەکنیکییەوە ئامادەیە بۆ شەڕی ئەتۆمی، ئەگەر ئەمەریکا هێز رەوانەی ئۆکرانیا بکات، ئەوە ململانێکان زیاتر تەشەنە دەکات.

سەرۆکی رووسیا لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا وڵاتەکە بەڕاستی ئامادەیە بۆ شەڕی ئەتۆمی؟ گوتی: "لە روانگەی سەربازی و تەکنیکییەوە بێگومان ئێمە ئامادەین".

ئامااژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا هەست بەوە دەکات کە ئەگەر هێزی ئەمەریکا لەسەر خاکی رووسیا یان لە ئۆکرانیا جێگیر بکات، ئەوە رووسیا وەک دەستێوەردان مامەڵە لەگەڵ ئەو هەڵس و کەوتە دەکات.