سەرچاوەیەک: یەکێک لە ئامانجی سەردانەکەی شاندی تورکیا بۆ بەغدا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە

وەزیرانی دەرەوە و بەرگری تورکیا و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا - وێنە: AA
وەزیرانی دەرەوە و بەرگری تورکیا و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا - وێنە: AA

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزیری دەرەوەی تورکیا و وەزیری بەرگری و سەرۆکی میت سەردانی بەغدا دەکەن و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی عێراق کۆدەبنەوە.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێڕاق بە کوردستان24ـی راگەیاند: ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-3-2024، وەزیری دەرەوەی تورکیا و وەزیری بەرگری و سەرۆکی میت سەردانی بەغدا دەکەن و لە لایەن هاوتاکانیانەوە پێشوازیان لێدەکرێت، دواتر لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆمار و وەزیری نەوتیش کۆدەبنەوە.

ئەو سەرچاوە ئاماژەی بەوەشکرد، شاندە باڵاکەی تورکیا لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێڕاق باس لە سێ ئامانجی سەرەکی سەردانەکەیان دەکەن کە پرسی دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم لە رێگای بەندەری جەیهان و تۆکمەکردنی سنورەکانی عێراق و تورکیا بۆ رێگری کردن لە جموجۆڵەکانی پەکەکە و هەروەها ئامادەکاری بۆ سەردانی کردنی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ هەولێر و بەغدا له داهاتویەکی نزیکدا .