ساڵی رابردوو زیاتر لە 100 هەزار کەس لە ئەمەریکا بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە گیانیان لەدەست داوە

دیمەنی بەکارهێنەرێکی ماددەی هۆشبەر لە ئەمەریکا
دیمەنی بەکارهێنەرێکی ماددەی هۆشبەر لە ئەمەریکا

K24 - هەولێر

تا دێت هەڕەشەی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر ئاسایشی جیهان زیاتر دەکات و، رێژەی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بەو ماددانە لە ئەمەریکا و ئەوروپا روو لە زیادبوونە.

بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بووەتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ئاسایشی جیهان و وەک هۆکاری سەرەکی بۆ تێکچوونی ژیانی کۆمەڵگە دادەندرێن.

وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا، هۆشداری لە زیادبوونی ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ماددە هۆشبەرەکانەوە دەدات.

وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا لە راپۆرتی ساڵانە بۆ لێکۆڵینەوە لە هەڕەشەکانی سەر ئەو وڵاتە ئاماژە بەوە دەدات، ساڵی پار زیاتر لە 100 هەزار کەس بەهۆی بەکارهێنانی دەرزی ماددەی هۆشبەر گیانیان لەدەست داوە.

هۆشداریش دەدات، ماددە هۆشبەرە نایاساییەکان لە 2024 گەورەتین هەڕەشە دەبن بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا. بەجۆرێک لە هەڕەشەی تیرۆر مەتریسیدارترن.

ساڵانە ژمارەیەکی زۆر زیاتر ئەمەریکی بەهۆی ماددە هۆشبەرەکان، بە بەراورد لەگەڵ کردەوە تیرۆریستییەکان دەمرن. هەندێک راپۆرتیش ئاماژە بەوە دەدەن رۆژانە لە ئەمەریکا زیاتر لە 300 کەس بەهۆی مادددەی هۆشبەرەوە دەمرن.

لە ئەوروپاش بەهەمان شێوە، یۆرۆپۆڵ و سەنتەری چاودێری ماددە هۆشبەرەکان لە یەکێتیی ئەوروپا راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، داهاتی بازاڕی ماددە هۆشبەرەکان لە ئەوروپا ساڵانە بە زیاتر لە 30 ملیار یۆرۆ دەخەمڵندرێت.

راپۆرتەکە ئەوەشی روونکردووەتەوە، بەهۆی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان تاوانەکانی کوشتن، رفاندن، ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی لە ئەوروپا زیادیانکردووە.

یۆرۆپۆڵ و سەنتەری چاودێری ماددە هۆشبەرەکان لە یەکێتیی ئەوروپا ئەوەش دەخاتەڕوو، گەندەڵی و خراپی لە بەڕێوەبردندا رێگەخۆشکەرن بۆ زیادبوونی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر.

كۆمیسیاری یەكێتی ئەوروپا بۆ كاروباری ناوخۆ نایشارێتەوە، ئاڵوودەبوون و مردن بە ماددە هۆشبەرەکان زیادیکردووە.