یەکێتی ئەوروپا پێنج ملیار یۆرۆ بۆ ئۆکرانیا تەرخان دەکات

K24 - هەولێر

بەرپرسانی ئۆکرانیا رایانگەیاند، وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا گەیشتوونەتە رێککەوتنێک بۆ زیادکردنی پێنج ملیار یۆرۆ بۆ کڕینی چەک بۆ ئۆکرانیا.

ئەم رێککەوتنە لە کاتێکدایە کە ئۆکرانیا نیگەرانە لە کەمی تەقەمەنی و کەرەستەی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرسەکانی رووسیا، کۆنگرێسی ئەمەریکاش رەزامەندی نەدا لەسەر دابینکردنی بودجە بۆ یارمەتییە سەربازییەکانی ئۆکرانیا، بەهۆی ناکۆکی نێوان کۆمارییەکان و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا.

بەلجیکا کە سەرۆکایەتی ئەو خولەی یەکێتی ئەوروپا دەکات رایگەیاندووە، باڵیۆزی 27 وڵات لە رووی پرەنسیپەوە لەسەر پلانێک رێککەوتوون بۆ پشتیوانیکردن لە دابینکردنی چەک بۆ کیێڤ بۆ ساڵی 2024.

دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە دەستپێکی هێرشەکەی رووسیا، سوپای ئۆکرانیا رووبەڕووی کەمیی چەک بووەتەوە و پێویستی بە تەقەمەنی و سیستەمی بەرگری ئاسمانی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشڤەچوونەکانی سوپای رووسیا.

پێشتر یەکێتی ئەوروپا زیاتر لە شەش ملیار یۆرۆی بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا لە چوارچێوەی دامەزراوەی ئاشتی ئەوروپا خەرج کردووە، کە ئامانجی سەرەکی قەرەبووکردنەوەی ئەو چەکانەیە کە لەلایەن هەندێک وڵاتی ئەندامەوە پێشکەشی ئۆکرانیا دەکەن.

دوای چەند هەفتەیەک دانوستانەکان بەهۆی ناڕازی بوونی فەرەنسا و ئەڵمانیاوە، دوێنێ چوارشەممە ئەو بڕیارە راگەیەندرا.

دیپلۆماتکاران ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەڵمانیا بەڵێنی داوە بۆ ئەمساڵ 2024، هەشت ملیار یۆرۆ هاوکاری ئۆکرانیا دەکات.

بەرلین گەورەترین بەشدارە لە سندوقی ئەوروپی بۆ هاوکاریکردنی کیێڤ، کە بودجەکەی لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە بەڕێژەی بەرهەمی گشتی ناوخۆیی خۆیان دابین دەکرێت.

بەگشتی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە 24ـی شوباتی 2022ەوە نزیکەی 28 ملیار یۆرۆیان وەک هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا تەرخانکردووە.