"كێشە كەوتە نێوان ریال مەدرید و ئێمباپێ"

فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆكی ریال مەدرید لەگەڵ كلیان ئێمباپێ ئەستێرەی پاریس سانجێرمان
فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆكی ریال مەدرید لەگەڵ كلیان ئێمباپێ ئەستێرەی پاریس سانجێرمان

بە گوێرەی راپۆرتە هەواڵەكانی فەرەنسا، خەونی كلیان ئێمباپێ بەشداریكردنە لە ئۆڵمپیكی 2024، بەشداریكردنی لەم پاڵەوانێتییە گەورەیە هاوكاتە لەگەڵ پەیوەندیكردنی بە یانەی ریال مەدرید، ئەمەش دەبێتە سەرەتای قەیرانی ئەو یاریزانە لەگەڵ ریال مەدرید.
رۆژنامەی لكیپی فەرەنسا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە بەشداریكردنی كلیان ئێمباپێ لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا خەونی ئەو یاریزانە و هەزاران هاونیشتیمانی فەرەنسییە، بەڵام ریال مەدرید رازی نییە و دەیەوێت ئێمباپێ لەگەڵ خۆی بۆ كەمپ و ئامادەكاریی لەگەڵ یاریزانەكان بۆ ئەمریكا ببات.
سەرچاوەكە نووسیویەتی: كلیان ئێمباپێ بۆ ئەوەی لە پێشەنگی باشترین ئەستێرەكانی جیهان بێت، دەیەوێت دەرفەتی بەشداریكردن لەو دوو پاڵەوانێتییە گەورەیە لەدەست نەدا كە پێكهاتوون لە ئۆڵمپیكی 2024 و یۆرۆی 2024، ئەمەش بەدڵی كارگێری ریال مەدرید نییە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، یەكلایی بووەتەوە كلیان ئێمباپێ لە كۆتایی ئەم وەرزە دەچێتە ریال مەدرید، بابەتی بەشداریكردنی ئێمباپێ لە ئۆڵمپیادی پاریس كە لەم هاوینە بەڕێوە دەچێت، دەبێتە سەرەتای ناكۆكی نێوان ئەو یاریزانە لەگەڵ ریال مەدرید.
كلیان ئێمباپێ لە دوایین یاریی یانەكەی، سەركردایەتی بردنەوەی پاریس سانجێرمانی كرد بەرامبەر نیس بە ئەنجامی 3 ـ 1 گۆڵ، لەو یارییە ئێمباپێ گۆڵێكی كرد و یانەكەشی گەیشتە قۆناغی پێشكۆتایی جامی فەرەنسا، هاوكات هەفتەی رابردوو لە چامپیۆنزلیگیش دوو گۆڵی بەرامبەر ریال سۆسیدا كرد و یانەكەی گەیاندە قۆناغی هەشتی چامپیۆنزلیگ.

كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری ریال مه‌درید و كلیان ئێمباپێ هێرشبه‌ری سانجێرمان
كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری ریال مه‌درید و كلیان ئێمباپێ هێرشبه‌ری سانجێرمان